له‌ پای دژایه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌، نوێنه‌ری عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووك سوپاسی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كات


[17:01] 2013/Jul/17


هه‌ولێر 17 ته‌مموز / یۆنیۆ (PNA) – نوێنه‌ری عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووك له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، عومه‌ر جبووری، بۆ دژایه‌تیكردنی له‌ به‌رامبه‌ر ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووك، له‌ نامه‌یه‌كی تایبه‌تدا سوپاس و ستایشی هه‌ڵوێستی رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ، نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كات.

 

رۆژنامه‌ی "وشه‌" له‌ ژماره‌ هه‌شتی چاپی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌یدا، نامه‌یه‌كی عومه‌ر جبووری برِیارده‌ری لیژنه‌ی یاساییی په‌رله‌مانی عێراق و نوێنه‌ری عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوكی بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ له‌ نامه‌كه‌یدا، جبوری، رێز و پێزانینی ئاراسته‌ی رێكخه‌ری گشتی  بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ پای دژایه‌تیكردن له‌ ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ پارێزگای كه‌ركووك و سیاسه‌تی هه‌ردوو حزبی كوردی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كردووه‌.

 

"وشه‌" وێنه‌یه‌كی ده‌قی نامه‌كه‌ی جبووری بڵاوكردۆته‌وه‌ و تێدا هاتووه،‌ "رێز و سوپاسمان ئاراسته‌ی ئێوه‌ی به‌رِێز ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانی و بوێرانه‌تان كه‌ گوزارشت له‌ حه‌ق ده‌كات و ئێمه‌ به‌رز ده‌ینرخێنین. ئه‌وه‌ش هاواری حه‌ق بوو دژی ناحه‌قی كه‌ تیایدا دژایه‌تیی ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ پارێزگای كه‌ركووك و سیاسه‌تی هه‌ردوو حزبی كوردی (پارتی و یه‌كێتی)تان كرد".

 

هه‌روه‌ها به‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێـت، "ده‌ستتان ده‌گوشین بۆ به‌رده‌وامبوونی خه‌بات تا به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتن به‌ ئازادكردنی عێراق له‌ باكورییه‌وه‌ تا باشووری له‌ گه‌نده‌ڵكاران، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێسته‌ جوامێره‌كانی فراكسیۆنی گۆرِان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌رز ده‌نرخێنین".

 

جبووری كه‌ له‌ رابردوودا به‌ دژایه‌تیی سه‌رسه‌ختی گه‌رِاندنه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ناسراوه‌، له‌ درێژه‌ی نامه‌كه‌یدا داوای هاوكاری ئاراسته‌ی رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆرِان ده‌كات و ده‌نووسێ "بانگهێشتان ده‌كه‌ین بۆ پێوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بۆ گۆرِینه‌وه‌ی بۆچوون‌ و هه‌ڵوێسته‌كان، به‌ تایبه‌ت رێكخستنی یه‌كرِیزیمان له‌ په‌رله‌مان بۆ پلانێكی ته‌ندروست و هاوئاهه‌نگ له‌ پێناو گه‌له‌كه‌مان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانه‌وه‌".

 

"ئێمه‌ له‌سه‌ر قه‌ناعه‌تێكی ته‌واوین كه‌ پاڵپشتی و هاوكاریمان ده‌كه‌ن. گوێ مه‌ده‌نه‌ ئه‌و قسانه‌ی میدیای چه‌واشه‌كار بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌و ده‌نگانه‌ی خێریان بۆ عێراق ناوێ" له‌ نامه‌كه‌دا هاتووه‌.



Online Peyamner RadioFind Radio Peyamner on paly storeFind Radio Peyamner on app sotre


گەڕانەوە بۆ قوتابخانە
SEROKAYETÎ HERÊM
پەرلەمانی كوردستان
حكومەتی كوردستان


CopyRight 2006 - 2011 © Peyamner.com, All rights reserved