مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی هاوخه‌می بۆ كۆچی دوایي فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی راگه‌یاند


[20:47] 2013/Aug/01


هه‌ولێر 1 ئاب / ئۆگۆست (PNA) - مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامێكی دا هاوخه‌می خۆی بۆ كۆچی دوایی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی راگه‌یاند، ئاماژه‌دراوه‌، كاك فه‌له‌ك وه‌ك نوسه‌ر و رۆشنبیرێكی هه‌ستكردوو به‌ مه‌ینه‌تی و ئازاره‌كانی گه‌له‌كه‌ی هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاوییه‌وه‌ خۆی و قه‌ڵه‌م و بیر و هۆشی خسته‌ خزمه‌تی دۆزی ره‌وای میلله‌ته‌كه‌ی و رێبازی خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تی هه‌ڵبژارد و تا دوایین هه‌ناسه‌ش بۆ چركه‌یه‌ك له‌و رێبازه‌ لاینه‌دا و بووه‌ نمونه‌ی نوسه‌ر و روناكبیری هاوسه‌نگه‌ری گه‌ل و بووه‌ سیمبول بۆ رۆشنبیرانی نه‌وه‌كانی دوای خۆی.

 

 ئه‌مه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

 

مه‌رگی ناواده‌ی برا و هه‌ڤاڵ و هاوسه‌نگه‌ری دڵسۆزمان كاكه‌ فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی كۆستێكی گه‌وره‌ و هه‌واڵێكی دڵته‌زێن و پڕخه‌م و په‌ژاره‌ بوو، كۆچی هه‌ڤاڵ فه‌له‌كه‌دین  له‌ ده‌ستدانی سه‌ركرده‌ و سیاسه‌توانێكی ژێر و هۆشیار و تێكۆشه‌رێكی ماندونه‌ناس و بڕواپۆڵایینی پارتی و رێبازی بارزانی و  رووناكبیرێكی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان بوو كه‌ زه‌حمه‌ته‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی به‌جێیهێشت پڕبكرێته‌وه‌.

 

كاك فه‌له‌ك وه‌ك نوسه‌ر و رۆشنبیرێكی هه‌ستكردوو به‌ مه‌ینه‌تی و ئازاره‌كانی گه‌له‌كه‌ی هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاوییه‌وه‌ خۆی و قه‌ڵه‌م و بیر و هۆشی خسته‌ خزمه‌تی دۆزی ره‌وای میلله‌ته‌كه‌ی و رێبازی خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تی هه‌ڵبژارد و تا دوایین هه‌ناسه‌ش بۆ چركه‌یه‌ك له‌و رێبازه‌ لاینه‌دا و بووه‌ نمونه‌ی نوسه‌ر و روناكبیری هاوسه‌نگه‌ری گه‌ل و بووه‌ سیمبول بۆ رۆشنبیرانی نه‌وه‌كانی دوای خۆی.

 

جێگه‌ی شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێمه‌ی پارتی كه‌ ئه‌و روناكبیره‌ گه‌وره‌ و به‌ قه‌دره‌ی گه‌له‌كه‌مان قاڵبووی خه‌بات و قوتابخانه‌ی كوردایه‌تی و رێبازی بارزانی بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و رێباز و قوتابخانه‌یه‌ هاته‌ گۆڕه‌پانی خه‌بات و بۆ دواجاریش هه‌رله‌ ناو هه‌ڤاڵ و هاوسه‌نگه‌رانی ئه‌و رێبازه‌دا گیانی سپارد .

 

كاكه‌ فه‌له‌ك له‌و سه‌ركرده‌ و هه‌ڤاڵانه‌ی پارتی بوو كه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌موان نزیك و تا بڵێی خاكه‌سار و نزیك له‌ جه‌ماوه‌ر بوو،  ته‌وازوع و گیانفیدایی پێشمه‌رگه‌یه‌كی ساده‌ و ساكاری كوردستان خه‌سڵه‌ت و سیمای ئه‌و پیاوه‌ تێكۆشه‌ره‌ بوو، ئه‌و له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی خه‌بات، له‌ هه‌وراز و نشێودا، له‌ سه‌ركه‌وتن و نوشوستدا هه‌رده‌م له‌ ئاسۆی رونی ده‌ڕوانی و ئومێدی به‌ سه‌ركه‌وتن و ره‌وایی دۆزی گه‌له‌كه‌ی هه‌رگیزا و هه‌رگیز له‌ق نه‌بوو، نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و بیرمه‌ندێكی به‌ بڕشت و ماندونه‌ناس بوو، تا دوایین رۆژه‌كانی ژیانی له‌ نوسین و چالاكی و به‌خششی فیكری نه‌كه‌وت و رانه‌وه‌ستا.

 

هه‌ڤاڵ فه‌له‌كه‌دین به‌ شایسته‌یی و لێوه‌شاوه‌یی له‌ كادیرێكی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ قۆناغ به‌ قۆناغ و پله‌ به‌ پله‌ی ئه‌ركی پارتایه‌تی به‌ ئه‌ستۆوه‌ گرت و چه‌ندجار به‌ متمانه‌ی هاوده‌نگانه‌ی كادیرانی پارتی ئه‌رك و شه‌ره‌فی ئه‌ندامێتی سه‌ركردایه‌تی وه‌رگرت و به‌وپه‌ڕی له‌خۆبوردووی ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌ڕێوه‌ برد. له‌ داڕشتنی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانی پارتیدا هه‌میشه‌ خاوه‌ن را و راوێژ و ده‌سپێشخه‌ری و بیری نوێ و روئیای نوێخوازانه‌ بوو، له‌ پاڵ ئه‌ركه‌ سیاسییه‌كه‌یدا به‌ هه‌مان گوڕو تین و كارزانییه‌وه‌ ئه‌ركی روناكبیرانه‌ی خۆی له‌ خزمه‌تی كولتوری نه‌ته‌وه‌كه‌یدا به‌رَیوه‌ده‌برد. وێڕای توانای رۆشنبیرانه‌ی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری وه‌كوو وه‌زیرێكی لێهاتوو، هه‌روه‌ها قه‌ڵه‌م و هۆشیاری و بیری رۆشنی ئه‌و پیاوه‌ نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی ئه‌م پارچه‌یه‌ی كوردستان به‌ڵكو له‌ سه‌ر ئاستی كوردستانی كه‌وره‌ و عێراق و وڵاتانی عه‌ره‌ب و دۆستانی كوردیش ناسراو و جێی ته‌قدیر و ستایش بوو. كه‌سایه‌تیه‌ك بوو له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان دیار و ناسراو .

 

داخی گرانمان مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا هه‌ڤاڵ فه‌له‌ك زیاتر له‌ناوماندا بمێنێته‌وه‌و ئێمه‌ و كۆڕی روناكبیران و لاوانی رۆشنبیری كوردستان زیاتر له‌ فیكر و نوسینی ئه‌و مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ سوودمه‌ندتر بین .

 

له‌ ماڵئاوای كاكه‌ فه‌له‌كه‌دینی هه‌ڤاڵ و هاوسه‌نگه‌ر و خۆشه‌ویستی هه‌مواندا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان له‌ده‌ست دێت هه‌زاران دروود بۆ ره‌وانی شادی بنێرین و ته‌نیاش به‌وه‌ دڵنه‌وایی خۆمان بده‌ینه‌وه‌ كه‌ شوكور بۆ خوا كاكه‌ فه‌له‌ك ژیانی به‌جێنه‌هێشت تابه‌چاوی خۆی به‌رهه‌می خه‌بات و به‌ری ئه‌و تێكۆشان و گیانفیداییه‌ی بینی كه‌هه‌موو ژیانی تێدا سه‌رف كرد ، له‌ كوردستانێكی ئازاد و له‌ نێو گه‌له‌كه‌ی خۆیدا سه‌ری نایه‌وه‌، ئه‌و گه‌له‌ وه‌فاداره‌ی به‌ جیازوازی بیروباوه‌ڕی سیاسی و ئاڕاسته‌ی فیكری  هه‌مووان بۆی نیگه‌ران و خه‌مبارو په‌رۆشن هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی كاكه‌ فه‌له‌ك و تێكڕای شه‌هیدانی كورد و كوردستان

 

مه‌كه‌ته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

1-8-2013



Online Peyamner RadioFind Radio Peyamner on paly storeFind Radio Peyamner on app sotre


گەڕانەوە بۆ قوتابخانە
SEROKAYETÎ HERÊM
پەرلەمانی كوردستان
حكومەتی كوردستان


CopyRight 2006 - 2011 © Peyamner.com, All rights reserved