PNA- د.ئاراس عه‌بدولكه‌ریم- )) له‌وه نیگه‌ران نیم كه باسی باخچه‌ت بۆ بكه‌م خه‌یاڵت پڕ نه‌بێ له گوڵ، من له‌وه نیگه‌رانم كه هه‌ست بكه‌یت دڕك په‌نجه‌كانتی خواردووه..((
له قه‌سیده‌ی(زه‌مه‌نێك بۆ گوڵ..ماڵێك بۆ ئێمه)ـدا كێشه نییه كه‌سێك نه‌یه‌وێ گوێت لێ بگرێ، ئه‌وه‌یش كێشه نییه كه‌سێك گوێت لێ بگرێ و لێت حاڵی ده‌بێت، كێشه ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه (به مه‌به‌ست) نه‌یه‌وێ نه‌ك هه‌ر خۆی و به‌س به‌ڵكوو هیچ كه‌سێك لێت حاڵی بێت؛ له ڕاستیدا ئه‌وه كێشه‌یه كه‌سێك به ناوی گوێلێگرتنته‌وه نه‌ك هه‌ر خۆی بگره نه‌یه‌وێ كه‌س گوێی له ده‌نگت بێت. ئه‌مه‌یش له میانه‌ی به‌لادابردنی هه‌موو ئه‌و ده‌لاله‌ت و مانایانه‌ی كه له نێو قسه‌كانی تۆ دان و لێكدانه‌وه و ته‌فسیركردنیان به شێوازێك كه ته‌واو له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و لۆژیكه‌دا بن كه تۆ مه‌به‌ستت بووه ده‌ربڕیبێت. ئه‌م مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ گوتاری به‌رامبه‌ردا لۆژیكی كه‌سێكه كه نه‌ك هه‌ر توانستی هه‌ڵكردنی نییه له‌گه‌ڵ گوتاری به‌رامبه‌رێكی جیاوازدا و به‌س، به‌ڵكوو ئه‌و لای ئه‌و؛ ئه‌م به‌رامبه‌ره به‌ر له‌وه‌ی هه‌رچییه‌ك بڵێت خراپی وتووه و به‌ر له‌وه‌ی هه‌رچییه‌ك بكات، خراپه‌ی كردووه. خۆ ئه‌گه‌ر له نێو گوتاره‌كه‌شیدا شوێنێك نه‌بێت بۆ خراپ وتن، ئه‌وا (به‌پێی لۆژیكی خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تیی خۆی) گوایه ڕووه نادیاره‌كانی ئه‌و گوتاره ئاشكرا ده‌كات و له‌وێوه باس له‌و مانا و ده‌لاله‌تانه ده‌كات كه گوایه ئه‌و گوتاره ئه‌گه‌رچی ڕاسته‌وخۆ نه‌یدركاندوون، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌مانن كه ده‌لاله‌ت و مانای ڕاستینه‌ی ئه‌و گوتاره‌ن نه‌ك ئه‌وه‌ی كه خودی گوتاره‌كه ده‌ریبڕیون و ڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ی بۆ كردوون. ئه‌مه لۆژیكی خۆلادانه له خوێندنه‌وه‌ی گوتار به ناوی خوێندنه‌وه‌وه و لۆژیكی هه‌وڵدانه بۆ كوشتنی ماناكانی گوتارێك به ناوی لێكدانه‌وه‌ی ماناكانی ئه‌و گوتاره‌وه، ڕوونتر بڵێم هه‌وڵدانه بۆ به‌لاڕێدابردنی مه‌به‌ست و ده‌لاله‌تی گوتارێك و به‌خشینی مانا و ته‌فسیرێك كه وه‌رگرێكی ئه‌و گوتاره مه‌به‌ستیه‌تی ئاوا بگات نه‌وه‌ك خودی به‌رهه‌مهێن و خاوه‌ن گوتار. ده‌قاوده‌ق وه‌ك ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی كه (مه‌ریوان وریا قانیع و ئاراس فه‌تاح) بۆ دوالێدوانی سه‌رۆكی هه‌رێم له پارله‌مانی كوردستاندا له دواژماره‌ی هه‌فته‌نامه‌ی “ئاوێنه”ـدا ئه‌نجامیان داوه؛ خوێندنه‌وه‌یه‌ك نه‌ك هه‌ر به ته‌واویی به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو مه‌به‌سته‌كانی ئه‌و وتاره‌وه‌یه و به‌س، به‌ڵكوو جێی داخه گه‌ر بڵێم به خوێندنه‌وه‌ی كه‌سێك ده‌چێ كه خوازیار بووبێ سه‌رۆكی هه‌رێم به‌و شێوه‌یه‌ی بگوتبا وایان گێڕاوه‌ته‌وه و به‌و جۆره هه‌ڵوێستی له‌مه‌ڕ ئازادی و یاسا و مافه‌كانی هاووڵاتیانی هه‌رێمه‌كه‌مان وه‌رگرتایه كه ئه‌مان باسیان كردووه. پرۆسه‌ی ناشیرینكردنی به‌رامبه‌ر ته‌نها ئه‌و شێوازه‌ی نییه به‌رامبه‌ره‌كه‌ت پێت بڵێ (ناشیرین)، به‌ڵكوو له‌وه كاریگه‌رتر ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه بێت وێنه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ بیر و خه‌یاڵت دروست بكات كه ناشیرین بێت، ته‌فسیرێك بۆ مانا و وته‌كانت بكات له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ده‌لاله‌ته لۆژیكییه‌كانی خۆیان و سه‌رجه‌م ماناكانت به‌لاڕێدا ببا و یه‌كسانیان بكات به بێمانایی. ده‌شێ و زۆریش ئاساییه كه جیاواز بوویت لێم، وه‌كو من قسه نه‌كه‌یت و وه‌ك من بیر نه‌كه‌یته‌وه، به‌ڵام ناكرێ به مه‌به‌ستی ته‌عبیركردن له جیاوازبوونمان وێنه‌یه‌كی جیاواز له واقیعی خۆم ببه‌خشیت به سیما و گوتار و خه‌یاڵم، ڕاستتر بڵێم كه جیاواز بوویت لێم، ئاساییه خۆت له‌لا جوانتر و ڕاستتر بێت، به‌ڵام ئاسایی نییه به ئه‌نقه‌ست و به مه‌به‌ست گه‌ر جۆرێك له ڕاستی و جوانیم تیدا شك ببه‌یت، هه‌میشه سه‌رگه‌رمی ئه‌وه بیت چۆن بیانشێوێنیت و وێنه‌یه‌كی تری ناشیرینیان پێ ببه‌خشیت؛ ئه‌م جۆره خوێندنه‌وه‌یه بۆ به‌رامبه‌ر ده‌قاوده‌ق خوێندنه‌وه‌یه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو لۆژیك و كولتوورێكی لێبورده‌یی. خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی به مانای شێواندن و ناشیرینكردنی ده‌ق و بونیاد و فۆرمی دی نایه‌ت، به‌ڵكو لێكدانه‌وه‌ی ده‌لاله‌ت و ته‌فسیره‌كانیه‌تی كه زۆرجار شتێك له ته‌ئویلكردن ده‌خوازێت. هیچ لۆژیكێكیش له‌وه نائه‌قڵانیتر نییه كه‌سێك بیه‌وێ له میانه‌ی ناشیرینكردنی وێنه‌ی به‌رامبه‌ره‌وه جۆرێك له جوانی بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات. له دنیادا ئۆپۆزسیۆن چ وه‌ك هێز و گرووپی سیاسی و مه‌ده‌نی و چ وه‌ك تاكه‌كه‌سی ئه‌كتیڤ له بواری سیاسی و مه‌ده‌نی و ڕۆشنبیریدا، هه‌رشتێكیان له‌مه‌ڕ ده‌سته‌ڵات به سلبی گوتبێ، ئه‌و پاڵنه‌ره‌یان له پشته‌وه نه‌بووه كه خوازیار بووبن ڕێكخه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری دنیاكانی كۆمه‌ڵگه‌كانیان خوار و نادروست بووبن، به‌ڵكوو له‌به‌ر ئه‌وه بووه كه له واقیعدا جۆرێك له ناڕێكی و نادروستی له بونیاد و به‌رنامه و شێوازی كاركردنیاندا هه‌بووه، به‌ڵام له لۆژیكی نالێبورده‌ییدا ئه‌و گرووپ و كه‌سانه خوازیارن و به‌عه‌زره‌ته‌ی ئه‌وه‌وه‌ن كه ده‌سته‌ڵات نادروست و نادادپه‌روه‌ر و نادیموكراسی و دژ به ئازادی بێت هه‌تا بتوانن له میانه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه‌وه كه له ده‌ركه‌وته‌ی ڕه‌وتاری ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌وه یه‌خه‌ی كۆمه‌ڵگاكانیان ده‌گرێ، ئیعتیبار و شه‌رعیه‌تێكی باش بۆ خۆیان فه‌راهه‌م بكه‌ن. به‌ڵام له سه‌روه‌ختێكدا كه گوتار و به‌رنامه‌ی ده‌سته‌ڵات به پێی ویستی ئه‌وان ناجۆر نه‌بوو، ئیدی په‌نا ده‌به‌نه به‌ر شێواندنی گوتاره‌كانی ده‌سته‌ڵات و به‌خشینی مانا و ته‌فسیرێك كه له بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خودی ئه‌و گوتاره نییه به‌ڵكوو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و خه‌یاڵ و وێناكردنه دۆزه‌خیه‌یه كه ئه‌وان له هزر و قه‌ناعه‌تی خۆیاندا پێشوه‌خته ئاماده‌یان كردووه و مه‌به‌ستیانه كه جگه له‌و مانا و ده‌لاله‌تانه‌ی خۆیان هیچ لێكدانه‌وه و ته‌فسیرێكی دی بۆ ئه‌و گوتاره نه‌كرێت. واتا كاری ئه‌م جۆره خوێندنه‌وه‌یه له بنه‌ڕه‌تدا ڕێگرتنه له هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی دی كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی خۆی بێت. خوێندنه‌وه‌ی دیماگۆگیانه هه‌ر ئه‌وه نییه گه‌ڕان بێت به‌نێو واقیع و دیارده و ده‌ركه‌وته‌كاندا تا بتوانرێ له‌گه‌ڵ جیهانبینیی تێكستێك یان ئایدیایه‌كدا بگونجێندرێ و وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ شیاوی و دروستیی ئه‌و جیهانبینییه به كار ببرێت؛ به‌ڵكوو جگه له‌م دیوه ئه‌و دیوه‌ی خوێندنه‌وه‌یش هه‌ر میتۆدێكی دیماگۆگیانه‌یه كه كه‌سێك دێت به‌نێو گوتارێكدا ده‌گه‌ڕێ و ته‌فسیرێكی وه‌ها بۆ ماناكانی ده‌كات كه له‌گه‌ڵ جیهانبینیی خۆیدا بگونجێت، ئیدی ته‌با بێت یان نه‌یار له‌گه‌ڵ ئه‌و گوتاره‌دا ئه‌مه‌یان بابه‌تێكی تره. ڕه‌نگه كه‌سانێك هه‌بن له‌لایان سه‌یر بێت گه‌ر بڵێم ئه‌و میتۆده‌ی (ئاراس فه‌تاح و مه‌ریوان قانیع) له (سه‌رۆكی هه‌رێم چیی وت؟)ـدا گرتوویانه‌ته به‌ر ده‌قاوده‌ق پره‌نسیپه‌كانی ئه‌و لۆژیكه دیماگۆگیانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێ كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ دا، خوێندنه‌وه‌یه‌ك كه كاری سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت نییه بۆ ئه‌و وتاره، هێنده‌ی ڕێگرتنه له خوێندنه‌وه‌ی جیاواز له دیتی خۆیان. جارێ به‌ر له هه‌ر شتێك ناكرێ له‌سه‌ر ئه‌و شێوازی خوێندنه‌وه‌یه‌یان قسه نه‌كه‌ین كه (خۆیان وته‌نی) بۆ ئاشكراكردنی مه‌غزا نادیاره‌كانی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكه كه به بڕوای ئه‌مان ئه‌مه گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی نێو وتاره‌كه‌یه كه باس كراون و جگه له‌مان كه‌سی دی نه‌یبیستووه و كاری ئه‌مان هێنانه به‌ر ڕووناكی ئه‌و دیوه شاراوانه‌ی وتاره‌كه‌یه كه له نێو وتاره‌كه‌دا باس نه‌كراون. دیسانه‌وه حیكایه‌تی ڕۆشنبیر و ده‌سته‌ڵات: هێنده له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندیی نێوان ڕۆشنبیر و ده‌سته‌ڵاته‌وه نووسراوه و وتراوه، هه‌وڵ ده‌ده‌م كه‌م تا زۆر به لای ئه‌و جه‌ده‌له فیكریانه‌دا نه‌چم كه قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه كردووه، به‌ڵكوو زیاتر هه‌وڵ ده‌ده‌م قسه له‌مه‌ڕ واقیعی ئه‌م په‌یوه‌ندییه بكه‌م كه دیاره پێشتر و به دیتی جیاواز قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه. ئه‌وه‌ی وا ده‌كات قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه به پێویست بزانم، خودی ئه‌و فاكته‌ره‌یه كه به بڕوای من له پشت قه‌ناعه‌تی نووسینه‌كه‌ی ئه‌م دوو نووسه‌ره‌وه ئاماده‌یه، مه‌ه‌بستم له كایه‌ی نووسینه‌كه‌یانه كه (ده‌سته‌ڵات)ـه، یان بڵێم خوێندنه‌وه‌یان بۆ گۆتاری ده‌سته‌ڵاتی كوردستانه له‌مه‌ڕ ئازادی. به‌و حوكمه‌ش كه هه‌ر له سه‌ره‌تای نووسینه‌كه‌یانه‌وه ده‌سته‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێمیان یه‌كسان كردووه به كۆی ده‌سته‌ڵات له هه‌رێمی كوردستاندا كه نادروستیی ئه‌م بۆچوونه قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێ و دواتر باسی لێوه ده‌كه‌م. لێره‌وه ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كرێ ساڵانێكه له نێوه‌ندی ڕۆشنبیریماندا هه‌وڵێكی زۆری كه‌سانێك به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا كار ده‌كه‌ن كه كۆی هه‌موو دنیا و ماناكانی ده‌سته‌ڵات له فۆرمێكی دۆزه‌خیانه‌ی ئه‌وتۆدا وێنا بكه‌ن كه هه‌موو وتار و ڕه‌وتار و به‌رنامه‌كاره‌كانی شایانی گومان و به‌دبینی و بگره نه‌فرینیش بن، ئیدی ده‌سته‌ڵات له‌هه‌ر فۆرم و بونیادێكدا بێت گرنگ نییه، گرنگ دروستكردنی نه‌خشه‌ڕێگایه‌كه بۆ كاری ڕۆشنبیر، لێره‌دا پرسیاری سه‌ره‌كی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی ڕۆشنگه‌ریی نییه وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی، به‌ڵكوو پرسیار له‌مه‌ڕ ئه‌و جۆره ئاڵوده‌بوونه‌یه به نه‌خشه‌كێشان و فۆرم دروستكردن و به‌رهه‌مهێنانی مۆدێلێكه بۆ ڕۆشنبیر، یاكه یه‌ك مۆدێل و هیچی دی كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م مۆدێله هیچ بوونه‌وه‌رێك نازناوی ڕۆشنبیری پێ ده‌بڕدرێت؛ داخۆ ئه‌م جۆره ویسایه‌تكردنه له چ قه‌ناعه‌تێكه‌وه بێت؟ ویسایه‌ت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م كایه‌ی ڕۆشنبیرییه‌وه زیاتر قه‌ناعه‌تی كه‌سانێكه كه نه‌ك هه‌ر بڕوایان به تاكه حه‌قیقه‌تێك هه‌یه و به‌س و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حه‌قیقه‌ته هه‌موو شتێك بێمانایه، به‌ڵكوو خودی خۆیان به مه‌رجه‌عی ئه‌و حه‌قیقه‌ته ده‌زانن، خۆناساندنیش وه‌ك مه‌رجه‌عێك بۆ حه‌قیقه‌ت، یان ڕاستتر بڵێم بۆ تاكه حه‌قیقه‌ت، له هه‌ر هزر و قه‌ناعه‌تێكدا جێی بێته‌وه هه‌رگیز له هزر و قه‌ناعه‌تی ڕۆشنبیردا جێی نابێته‌وه. داخۆ ئه‌وه سه‌یر نییه كه‌سێك نه‌ك هه‌ر خۆی به ڕۆشنبیر بزانێ و به‌س، بگره بیه‌وێ مۆدێل و سیما و خه‌یاڵ و دیتی ڕۆشنبیری نێو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م وێنا بكرێ؛ ڕۆشنبیرێك كه خۆی به هه‌ڵگری دیت و پرۆژه‌ی ڕه‌خنه‌یی بناسێنێ و بۆ خۆی به دیوێكی تردا (كه دیوی خۆیه‌تی) به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو بنه‌ماكانی بیر و فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌خنه‌ییه‌وه مامه‌ڵه بكات تا ڕاده‌ی بڕوابوون به حه‌قیقه‌ت و پیرۆزیی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه له خۆیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر لای (جۆرج بالاندیێ)ـی كۆمه‌ڵناس پاڵنه‌ری هه‌ر ئایدیا و بیرێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له خودی ئه‌و ئایدیا و بیره گرنگتر و كاریگه‌رتر بێت له‌سه‌ر هه‌ڵگر و شوێنكه‌وتوانی ئه‌و ئایدیا و بیره، ئه‌وا ده‌كرێ لێره‌دا ئه‌و پاڵنه‌ره‌ی له پشت ئاڵوده‌بوونی ئه‌و ڕۆشنبیره‌وه‌یه گرنگتره له خودی قه‌ناعه‌ته‌كه‌ی، بۆیه لێره‌دا پێویسته قسه له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه بكه‌ین كه به بڕوای من ئه‌و جۆره له ڕۆشنبیر زۆر مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌م لایه‌نه گرنگه‌ی خۆی به شاراوه‌یی بهێڵێته‌وه و په‌ی پێ نه‌برێت. زانینی ئه‌وه‌ی كه ده‌سته‌ڵات له دیتی ئه‌م جۆره ڕۆشنبیره‌دا هه‌میشه له دۆزه‌خیترین وێنه و مانادایه، هه‌رگیز كارێكی گران نییه بۆ كه‌س، ئه‌مانه به ڕادده‌یه‌ك جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه ده‌كه‌ن كه ده‌سته‌ڵاتی تێدا له ناشرینترین وێنه‌دا وێنا بكه‌ن، تا ئه‌و ڕادده‌یه‌ی كار و به‌رپرسیاره‌تیی ڕۆشنبیرییان یه‌كسان كردووه به به‌رهه‌مهێنانی وێنه ناشیرینه‌كانی ده‌سته‌ڵات. هاوكات پرۆژه‌ی ڕۆشنگه‌ری له دیتی وان‌دا ده‌قاوده‌ق پرۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وێنه ناجۆره‌كانی ده‌سته‌ڵاته، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌قاوده‌ق كاری ڕۆشنبیر نه‌ك هه‌ر كۆپیكردنه‌وه‌ی (پرۆژه‌ی ڕێنیسانسی خۆرئاوا) بێ و به‌س به‌ڵكوو كورداندنی ئه‌و پرۆژه‌یه بێت له‌گه‌ڵ یه‌ك جیاوازیدا كه تایبه‌ته به فۆرم و بونیادی ده‌سته‌ڵاته‌وه كه ئه‌مان هه‌رگیز ئه‌و جیاوازیه‌یان نه‌بینیوه، دروستتر بڵێم نایانه‌وێ نه خۆیان و نه كه‌سیتریش بیبینن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له نووسینێكی ترمدا له باره‌ی (قه‌یرانی ناسنامه لای ڕۆشنبیری كورد)ـه‌وه له پاشكۆی (فه‌رهه‌نگ)ـی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێردا به درێژیی باسم له‌م لایه‌نه كردووه، بۆیه لێره‌دا زۆر به كورتی ده‌ڵێم به بڕوای من ئاڵوده‌بوونی ئه‌م ته‌رزه ڕۆشنبیره به دروستكردنی مۆدێلێكی وه‌ها له فۆرمی ڕۆشنبیره‌وه له‌و قه‌یرانه قووڵه‌وه دێت كه ناسنامه‌ی ڕۆشنبیری كوردی تێكه‌وتووه، قه‌یرانێك كه یه‌كسه‌ر دوابه‌دوای ڕاپه‌ڕین سه‌ریهه‌ڵدا؛ كه بووه هۆی ڕه‌خساندنی دۆخێك كه ڕۆشنبیر چیدی ئه‌و كاراكته‌ره دیار و ئه‌كتیڤه‌ی نێو كۆمه‌ڵگا نه‌بێت كه پێشتر له سه‌روه‌ختی ژێر ده‌سته‌ڵاتی به‌عسیزمدا له میانه‌ی نووسینه ئه‌و به‌رهه‌مانه‌یه‌وه كه له خانه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری به‌ره‌نگاریدا جێیان ده‌بووه‌وه، نه‌ك هه‌ر وه‌ك مامۆستا و ڕێبه‌ری كۆمه‌ڵگه سه‌یر ده‌كرا به‌ڵكوو زۆر جار له وێنه‌ی فریادڕه‌ستیشدا وێنا ده‌كرا. به‌ڵام ڕاپه‌ڕین وه‌ك چۆن حیزب و كاراكته‌ره سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌مانی له به‌رده‌م پرسی ده‌سته‌ڵاتدا ڕاگرت، به هه‌مان شێوه‌یش ڕۆشنبیری له به‌رده‌م پرسی پرۆژه‌ی ڕۆشنگه‌ریدا ڕاگرت، واته ڕۆشنبیری ئێمه ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی كه پێشتر به‌رهه‌می هێنابوو كۆپییه‌كی بچووكی ناسنامه‌ی سیاسی، ڕاستتر بڵێم شۆڕشگێڕ بووه، نه‌وه‌ك ڕۆشنبیر. بۆیه دواتر ئه‌م ناسنامه‌یه كه‌وته قه‌یرانێكی گه‌وره‌وه، لێره‌وه ئه‌م ڕۆشنبیره كه نه‌یتوانی له به‌رده‌م پرسی پرۆژه‌ی ڕۆشنگه‌ریدا له نێو كایه و نێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ئاماده بێت، وه‌ك ناچارییه‌ك په‌نای برده‌وه به‌ر وێنه كۆنه‌كه‌ی جاران، وێنه‌ی شۆڕشگێڕ به‌ڵام له فۆرمێكی تردا، ئه‌وه‌یش به‌و حوكمه‌ی كه ده‌سته‌ڵاتی كوردستان ده‌سته‌ڵاتێكی خۆماڵییه بۆیه وێنه‌ی شۆڕشگێڕ وێنه‌یه‌كی بێ‌مانا و بێبنه‌مه ده‌بوو، ئیدی لێره‌وه دروستكردنی جۆرێك له دۆخی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات وه‌ك مۆدێلی په‌یوه‌ندیی نێوان خۆیان و ده‌سته‌ڵات بكه‌نه ئه‌و مۆدێله‌ی كه نه‌ك هه‌ر ده‌شێ به‌ڵكوو ده‌بێ ببێته سرووشتی په‌یوه‌ندیی نێوان ڕۆشنبیر و ده‌سته‌ڵات، لێره‌یشه‌وه ئیدی ڕۆشنبیر له‌م دیته‌دا گه‌ر له‌سه‌ر پره‌نسیپی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته كار نه‌كات ئه‌و مافه‌ی نابێت كه به ڕۆشنبیر بناسرێ، هه‌ر له خۆڕا نییه سه‌ر و بنی نووسینه‌كانیان هێڵێكی سوور و تۆخ له نێوان خۆیان و هه‌ر ڕۆشنبیرێكدا ده‌كێشن كه هاوفۆرم و قه‌ناعه‌تی خۆیان نه‌بێت، ئه‌وه بۆ ڕۆشنبیرانی نێو پارتییه سیاسییه‌كان به تایبه‌ت نێو ده‌سته‌ڵات هه‌ر باس ناكرێ لای ئه‌مان به ڕۆشنبیر ناسینی ئه‌مانه چ كوفرێكی گه‌وره‌یه، ئه‌گه‌رچی له ڕاستیدا و زۆرجاریش هێنده‌ی ئه‌م زاتانه سوودمه‌ند بوون له ده‌سته‌ڵات و هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و (زیاتر ژێربه‌ژێر) دۆستایه‌تییه‌كی سه‌یریان له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپرسانه‌یاندا هه‌بووبێ كه خێرێكیان هه‌بووبێ بۆیان، ڕۆشنبیرانی نێو ئه‌و هێزه سیاسیانه نیوهێنده‌ی ئه‌وان سوودمه‌ند نه‌بووبن. خاڵێكی تر له‌م لایه‌نه‌وه كه شایانی باسكردن بێت گه‌ڕانه‌وه‌مانه بۆ تێزه‌كه‌ی (بالاندیێ)، له‌كاتێكدا هه‌موو له‌و مه‌غزایه تێده‌گه‌ین كه ئه‌م ته‌رزه له ڕۆشنبیر هه‌میشه مه‌راقیه‌تی ته‌عبیری لێ بكات و له وێنه‌ی خۆیدا به‌رجه‌سته‌ی بكات، ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌ی ناسنامه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی جارانیه‌تی، هه‌ر بۆیه هیچ كارێك له‌وه گرنگتر نییه بۆی كه جوگرافیایه‌ك وێنا بكات كه تیایدا ده‌سته‌ڵات له به‌ره‌یه‌ك و خه‌ڵكیش له به‌ره‌یه‌كی دژ به ده‌سته‌ڵاتدا بێت، تا له‌وێوه شوێنێك هه‌بێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و وێنه و ناسنامه‌یه كه دیاره هه‌ر ده‌بێ ڕێبه‌ری و پێشڕه‌ویه‌تی خۆی بێت له به‌ره‌ی خه‌ڵكدا دژ به ده‌سته‌ڵات. به‌ڵام من به‌ش به حاڵی خۆم چه‌ند بۆ پاڵنه‌رێكی لۆژیكی و ناقووڵ له پشت ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌وه گه‌ڕاوم هیچی وام بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه كه مایه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه بێت، زۆر جێی داخیشه گه‌ر بڵێم جگه له كینه‌یه‌كی سه‌یر و ڕقێكی سه‌مه‌ره به‌ولاوه هیچ پاڵنه‌رێكم نه‌دیوه له پشت ئه‌و دیت و خه‌یاڵانه‌یانه‌وه كه ده‌سته‌ڵاتی خۆماڵیی كوردستانیان پێ وێنا كردووه. سه‌رچاوه / رۆژنامه‌ی هه‌ولێر
|