ئاماده‌بووانى به‌رِێز...میوانه به‌رِێزه‌كان... رۆژتان باش و هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن به‌سه‌رچاو.
خۆشحاڵ و سه‌رفرازم ئه‌مرِۆ له‌گه‌ڵتان ئاماده‌بم بۆ راگه‌یاندنى پرِۆژه‌یه‌كى حكومه‌تى هه‌رێم، به مه‌به‌ستى بره‌ودان به حوكمرِانى باش و شه‌فافیه‌ت و ده‌ست پاكى له كار و چالاكیه‌كانى حكومه‌تدا. حكومه‌تى هه‌رێم هه‌وڵێكى زۆرى داوه بۆ سه‌رخستنى ئه‌م پرِۆژه‌یه كه مه‌به‌ستى سه‌ره‌كیمان تیایدا خزمه‌تكردنى هاولاَتیانه.
ئێمه ئه‌مرِۆ لێره‌ین بۆ راگه‌یاندنى ئه‌م ده‌ست پێشخه‌ریه بۆ هاولاَتیان و دۆستانمان له هه‌موو جیهان. په‌یامه‌كه‌شمان ساده و ساكاره، ئێمه له حكومه‌ت و ئێوه‌ى هاولاَتیانى خۆشه‌ویست، پێكه‌وه حكومه‌تێكمان ده‌وێت شه‌فاف بێت و هه‌ست به به‌رپرسیاریه‌تى بكات و ئاماده‌بێت بۆ لێپێچینه‌وه‌و لێپرسینه‌وه. حكومه‌تێك به هیچ شێوه‌یه‌ك درێغى نه‌كات بۆ به‌دیهێنانى باشترین شێواز له پێناو خزمه‌تكردنى گه‌لى كوردستان. حكومه‌تێك به شێوه‌یه‌كى كراوه‌و شه‌فاف كار بكات بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانى خۆى و خواست و داخوازیه‌كانى هاولاَتیان.
به‌رِێزان:-
مهاتما غاندى له باره‌ى ئه‌م پرسه جارێكیان گووتى :- ( نابىَ گه‌نده‌ڵى و دوو رِوویى ببێته به‌رهه‌مێكى حه‌تمى پرۆسه‌ى دیموكراسى، كه بێگومان ئه‌مرِۆ به‌م جۆره‌یه).
به‌داخه‌وه ئه‌مرِۆ ئه‌م ووته حه‌كیمانه‌یه هه‌روا ده‌نگ ده‌داته‌وه، گه‌نده‌ڵى ده‌سته‌واژه‌یه‌كى ئاسانه بۆ به‌كارهێنان، به‌لاَم تۆمه‌تێكى زه‌حمه‌ته بۆ سه‌لماندن.
بۆیه هیچ كاتێك له ئێستا باشتر نییه بۆ ئه‌وه‌ى گفتوگۆیه‌كى كراوه‌ى ده‌رباره بكرێت. له‌م ماوه‌ى دوایى ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بۆته شتێكى باو و جیهانى، ده‌توانم بڵێم بۆته مۆدیل بۆ ئه‌وه‌ى تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى بخه‌نه پاڵ حكومه‌ت. ئه‌م تۆمه‌تانه له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێك بلاَوكرایه‌وه كه ئومێدى خۆشیمان بۆ ناخوازن. نایانه‌وێت حكومه‌ته‌كه‌مان سه‌ربكه‌وێت. دیاره هه‌ندێك جار ئه‌م تۆمه‌تانه بۆ ده‌سكه‌وتى سیاسیش به‌كاردێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كاتى هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردنه.
بۆیه بۆ هه‌موو لایه‌ك روونى ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌م پرِۆژه‌یه هه‌نگاوێك نییه وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌كى حكومه‌ت به‌رامبه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه، هاوكات هیچ به‌رنامه‌یه‌كى سیاسیمان له پاڵیدا نییه. زۆر به ساده‌یى ئه‌مه پرِۆژه‌یه‌كه ساڵێك به‌ر له ئێستا ده‌ستمان پێكردبوو، كاتى راگه‌یاندنه‌كه‌شى پێشتر دیارى كرابوو.
به‌رِێزان:-
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ته‌نهاو ته‌نها به‌رپرسیاره به‌رامبه‌ر به گه‌لى كوردستان. بۆیه چۆن پێشتر رامان گه‌یاندبوو پێویستیمان به گفتوگۆیه‌كى كراوه‌ى نیشتیمانى هه‌یه ده‌رباره‌ى حوكمرانى باش و پرسى گه‌نده‌ڵى و باشتركردنى خزمه‌تگوزاریه‌كان و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ به‌دیهێنانى خواسته‌كانمان.
كاتىَ باس له گفتوگۆ ده‌كه‌م، مه‌به‌ستم ئه‌نجامدانى گفتوگۆیه‌كى كراوه‌یه له‌گه‌ڵ میلله‌ت و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و رِۆشنبیران و رۆژنامه‌نووسان و بیرمه‌ندان و پیاوانى ئایینى بۆ باس كردنى پرسى گه‌نده‌ڵى و كاریگه‌رى ئه‌و پرسه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاكه‌مان.
هه‌موو لایه‌كمان ده‌بىَ تێبگه‌ین گه‌نده‌ڵى ته‌نها بابه‌تێكى په‌یوه‌نددار به حكومه‌ت نییه، به‌ڵكو پرسى هه‌موو كۆمه‌ڵگایه. ئه‌م پرسه كاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌موو تاكێك هه‌یه و رێگره له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتن و نوێبوونه‌وه و هه‌نگاو هه‌ڵێنانمان بۆ ئاینده‌یه‌كى باشتر.
رِاسته هه‌ڵه‌كراوه، به‌لاَم ته‌نها ئه‌وانه‌ى كار ناكه‌ن هه‌ڵه ناكه‌ن. هه‌ندێك جاریش بیرۆكراتیه‌ت و سیستى و سیسته‌مى كۆنى كارگێرِى و دواكه‌وتنى بودجه، ده‌بێته مایه‌ى سیست كردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كانمان بۆ دابین كردنى خزمه‌تگوزارى و دانانى به‌رنامه بۆ گه‌له‌كه‌مان.
گه‌لى ئێمه مێژوویه‌كى درێژ و ده‌وڵه‌مه‌ندى هه‌یه، كه سه‌رچاوه‌ى فه‌خرو شانازییه بۆ هه‌موومان. به‌لاَم ئێمه له حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌زموونى چه‌ندین سه‌ده‌مان نییه وه‌ك ئه‌وه‌ى حكومه‌تانى تر هه‌یانه بۆ به‌رِێوه‌بردن.
ئێمه ته‌نها چه‌ند ساڵێكه حكومرِانى ئه‌م هه‌رێمه ده‌كه‌ین، له ماوه‌یه‌كى كورتدا ده‌بوایه حكومه‌ت پێك بهێنین. ئه‌وكاته‌ى ده‌ستمان پێكرد هیچ شتێكمان نه‌بوو. هه‌ر وه‌ك چۆن پێویست بوو رِێگاوبان و پرد و نه‌خۆشخانه و خزمه‌تگوزارییه‌كانمان له سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێ بكه‌ین. به‌هه‌مان شێوه پێویست بوو حكومه‌تێك له خاڵى سفره‌وه دابمه‌زرێنین.
ئێمه به هه‌زاران فه‌رمانبه‌ر و شاره‌زا و راهێنراوى ئاست به‌رزمان نییه، به پێچه‌وانه‌وه ئێمه هێشتا له‌ژێر كاریگه‌رى سیسته‌مێكى كۆنى له‌كاركه‌وتووین، بۆیه به‌جدى كار بۆ چاككردنه‌وه‌ى ئه‌و سیسته‌مه ده‌كه‌ین. له‌وانه‌ش گرینگتر ئێمه پرۆسه‌یه‌كى رێك و پێكى پێشبینى كراوى ته‌رخانكردنى بودجه‌مان نییه، به‌ڵكو ئێمه به پێى به‌رنامه‌یه‌كى نارِێك و نادیار له‌به‌غدا بودجه وه‌رده‌گرین.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بوونى حكومه‌ت له‌پێناو خزمه‌تكردنى خه‌ڵكه، بۆیه كه حكومه‌ت هه‌بێت پابه‌نده به‌وه‌ى هه‌موو هه‌وڵێك بخاته گه‌رِ بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌ى خه‌ڵك به شێوه‌یه‌كى رِێك و پێك و به راستگۆیى به‌كاربێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و بابه‌ته‌یه ئه‌مرِۆ ده‌مانه‌وىَ لێره‌وه باسى بكه‌ین.
به‌رِێزان:-
ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بوو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بریارێكى په‌سند كرد بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵسه‌نگاندنێكى گشتگیر و ته‌واو بۆ كار و كرده‌وه‌كانى حكومه‌ت، بۆ گه‌رِان به‌دواى رێگایه‌ك چۆن حكومه‌ت زیاتر كراوه بێت، زیاتر ئاماده‌بێت بۆ لێ پێچینه‌وه‌و لێپرسینه‌وه و زیاتر شه‌فاف بێت. ئێمه له كابینه‌ى حكومه‌ت بریارماندا به‌دواى به‌تواناترین وپێشه‌نگترین شاره‌زاى جیهانى بگه‌رِێین و له‌گه‌ڵمان كار بكه‌ن بۆ جێبه‌جىَ كردنى ئه‌و به‌رنامه‌یه.
ئێمه گه‌وره‌ترین كۆمپانیاى راوێژكارى جیهانى له بوارى دارایى و ژمێریاریمان هێنایه هه‌رێمى كوردستان ئه‌ویش كۆمپانیاى (پرایس ۆته‌ر هاوس كوپه‌رس)ى ئه‌مه‌ریكی یه. ئه‌م كۆمپانیایه پێشه‌نگه له كه‌رتى تایبه‌تدا له پرسى په‌یوه‌ندیدار به حكومرِانى و شه‌فافیه‌ت و لێ پێچینه‌وه.
پارساڵ كۆمپانیاى PWCده‌ستى كرد به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى گشتگیر بۆ پرۆسه‌و كاره‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم، به‌مه‌به‌ستى دارِشتنى ستراتیژیه‌تێك كه یارمه‌تیمان بدات له دانانى به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه بۆ ئه‌وه‌ى به هه‌نگاوى مانا به‌خشه‌وه چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى حكومرِانى و شه‌فافیه‌ت بكه‌ین له هه‌رێمى كوردستان. ئه‌مرِۆ ئه‌و لێكۆلینه‌وه و راسپاردانه ته‌واو بوون و ئێمه‌ش ئاماده‌ین هه‌نگاو بنێین بۆ قۆناغى جێبه‌جىَ كردن.
له‌وانه‌یه هه‌ندێك كه‌س بپرسن بۆچى ئه‌مرِۆ ئه‌و ستراتیژیه‌ته راده‌گه‌یه‌نن؟ هه‌روه‌ك پێشتر له ووتاره‌كه‌دا باسم كرد ئه‌م پرۆژه‌یه نزیكه‌ى ساڵێكى خایاند و ئه‌م راگه‌یاندنه‌ش شه‌ش مانگ ده‌بێت ئێمه له‌سه‌رى رِێك كه‌وتووین.
لێره‌دا ده‌مه‌وىَ ئاماژه به هه‌ندێك وورده‌كارى بكه‌م. ئێمه له‌مانگى ته‌مووزى رابردوو ده‌ستمان به‌و پرِۆسه‌یه كرد. پێشبینى ده‌كرا ساڵێك بخایه‌نىَ. چه‌ندین كۆبوونه‌وه ئه‌نجام دراوه. به‌ژماره‌یه‌كى زۆر به‌ڵگه‌نامه و ده‌قى یاسایى دا چووینه‌وه. ئه‌و رِاپۆرته‌ى كۆمپانیاى PWC ئاماده‌ى كردووه له (600) لاپه‌ره زیاتره.
ئه‌م پرۆسه‌یه به راوێژكارى تێر و ته‌سه‌ل له‌گه‌ڵ هه‌موو وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانى حكومه‌ت ئه‌نجام دراوه، له‌گه‌ڵ چه‌ندین دام و ده‌زگاى نێوده‌وڵه‌تى و ژماره‌یه‌كى زۆرى شاره‌زایان له ئاستى جیهان باس كراوه. راسته ئه‌م ستراتیژیه‌ته له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى بیانى دارِێژراوه به‌لاَم بیرۆكه‌ى خۆمانه كه بگونجىَ له‌گه‌ڵ واقعى هه‌رێمى كوردستان. به شێوه‌یه‌ك ئاماده‌كراوه رووبه‌رِووى ئه‌و پێویستیانه ببێته‌وه كه حكومه‌تى هه‌رێم پێویستى پێیه‌تى، له‌و كاته‌ى هه‌نگاو ده‌نێین بۆ حكومه‌تێكى مۆدێرن و كاریگه‌ر.
سووده‌كانى ئه‌م ستراتیژییه‌ته روون و ئاشكرایه، یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌ى گشتى به شێوه‌یه‌كى رِێك و پێك و سیسته‌ماتیك به‌كاربێـت، وا ده‌كات حكومه‌ت كاریگه‌رتر و لێهاتوو تر بێت. هه‌نگاوى گه‌وره‌ى پێشكه‌وتوو بنىَ، هه‌روه‌ها وا ده‌كات خزمه‌تگوزاریه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كى رێك و پێك بگاته هاوولاَتیانى هه‌رێمى كوردستان.
ئه‌م ستراتیژیه‌ته متمانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆیى به هه‌رێمى كوردستان زیاترده‌كات. وه‌به‌رهێنان و ده‌رفه‌تى كار ده‌ره‌خسێنىَ و ئاستى گوزه‌رانى هاوولاَتیانى هه‌رێمى كوردستان به‌رزده‌كاته‌وه.
ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ى ئه‌مرِۆ رایده‌گه‌ێنین جه‌خت له‌سه‌ر چوار پره‌نسیپ ده‌كاته‌وه:
یه‌كه‌م:- حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى سه‌روه‌رى یاسا دامه‌زراوه. پابه‌ندبوون به سه‌روه‌ریى یاسا به‌ردى بناغه‌ى كاركردنى حكومه‌ته و جه‌خت ده‌كرێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه هیچ كه‌سێك به بىَ رِه‌چاوكردنى پله و پایه له‌م وولاَته‌دا له سه‌رووى یاساوه نییه.
دووه‌م:- خزمه‌تگوزارى گشتى متمانه‌ى جه‌ماوه‌ر. هه‌موو به‌رپرسێكى حكومى ده‌بىَ د‌رك به‌وه بكه‌ن ئه‌وان ئه‌ركێكى یاساییان له‌سه‌ره و به‌رپرسیارن بۆ كاركردن له پێناو به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى كوردستان و هاولاَتیان. ده‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ى كاربكه‌ن، ده‌بىَ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه له‌سه‌رووى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان و خێزان و حیزبه‌كه‌یاندا دابنێـن.
سێیه‌م:- كاره‌كانى حكومه‌ت پێویسته كراوه‌و شه‌فاف بن. حكومه‌تێكى كراوه و شه‌فاف هانى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و دام و ده‌زگاكان و هاولاَتیانى ده‌دات. زه‌مینه ده‌رِه‌خسێنىَ بۆ ئه‌وه‌ى هاولاَتیان به‌ئاسانى زانیاریه‌كان له بواره جیاجیاكانى سیاسى و ئابوورى و رۆشنبیرى و ئه‌وانى تر بۆ مسۆگه‌ر بوونى مافى هاولاَتى بوون ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن سه‌باره‌ت به كارى حكومه‌ت. ئه‌مه‌ش فاكته‌رێكى گرینگه تا دڵنیابین له‌وه‌ى به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ن بۆ لىَ پرسینه‌وه‌و لىَ پێچینه‌وه له لایه‌ن ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ى متمانه‌ی خۆیان پىَ به‌خشیوه.
چواره‌م:- پێویسته داراییه گشتییه‌كان هه‌میشه بۆ مه‌به‌سته ته‌رخانكراوه‌كان به‌كاربێن. بنه‌ماى سه‌ره‌كى ئابوورى و كارایى له كاره‌كانى حكومه‌ت، وا ده‌خوازێت دارایى حكومه‌ت ته‌نها بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه به‌كاربێت كه به‌شێوه‌یه‌كى یاسایى گونجاو ته‌رخان كراون.
باشتركردنى سیسته‌مى حكومرِانى دروست و شه‌فافیه‌ت ئه‌گه‌رى گه‌نده‌ڵى كه‌م ده‌كاته‌وه و ئابوورى و كارایى حكومه‌ت زیاتر و باشتر ده‌كات و حكومه‌تیش كاریگه‌رترده‌كات.
به‌شه‌كانى به‌رنامه‌ى به‌گژدا چوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى كه له ستراتیژیه‌ته‌كه‌دا هاتووه، چه‌ند بوارێكى سه‌ره‌كى له‌خۆوه ده‌گرێت. له‌وانه :- ( هۆشیارى، چاكسازى، مه‌شق و راهێنان، رێگه‌گرتن، چاودێرى، پشكنین، ده‌ستنیشانكردنى سه‌رپێچى كاران).
بۆ سه‌رخستنى ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه، ستراتیژیه‌ته‌كه داواى جێبه‌جىَ كردنى چه‌ند چاكسازیه‌كى دامه‌زراوه‌یى و چه‌ند چالاكیه‌كى دیاریكراوى حكومرِانى له هه‌موو كه‌رته‌كانى حكومه‌ت ده‌كات.
رِێوشوێنه‌كان بریتین له‌م هه‌نگاوانه‌ى خواره‌وه:
پێكهێنانى نووسینگه‌ى تایبه‌ت به چاكسازى ئیدارى و ده‌ستپاكى له كاردا.
به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیاریى گشتى له نێو خه‌ڵك و ده‌سته‌به‌ر كردنى زانیارى له‌سه‌ر حكومه‌ت.
كارپێكردنى یاساى چاكسازى خزمه‌تى مه‌ده‌نى.
پته‌وكردنى شێوازه‌كانى به‌رِێوه‌بردنى دارایى گشتى.
چاكسازیى له سیاسه‌ت و رِێوشوێن و رِاپه‌رِاندنى كاروبارى كرِین له حكومه‌ت.
ده‌ستكردن به به‌رنامه‌ى به‌شداری پێكردنى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى.
دامه‌زراندنى په‌یمانى ده‌ست پاكى بۆ پرِۆژه سه‌ره‌كییه‌كانى بوارى ژێرخانى مه‌ده‌نى.
دارِشتن و پیاده‌كردنى به‌رنامه‌ى ئه‌خلاقییاتى به‌ڵێنده‌ر و مۆڵه‌تى ده‌ست پاكى له‌كاردا.
دارِشتنى پرۆسه‌یه‌كى مه‌ركه‌زى و سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵپه‌ساردن و بێبه‌ری كردنى به‌ڵێنده‌ر.
په‌یرِه‌و كردن و جێبه‌جىَ كردنى پره‌نسیپه‌كانى ده‌ستپێشخه‌ری شه‌فافیه‌ت له نێوان حكومه‌ت و كۆمپانیاكان.
دابینكردنى خولى مه‌شقى پێشكه‌وتوو له‌سه‌ر پزیشكى دادوه‌ریى بۆ ده‌سه‌لاَته‌كانى چه‌سپاندنى یاسا.
گرنگه بزانین ئه‌م هه‌نگاو و كارانه به‌شه‌و و رۆژێك جێبه‌جىَ نابن، به‌لاَم ئێمه ده‌ستى پێ ده‌كه‌ین. ئه‌مه سه‌ره‌تاى پرۆسه‌یه‌كى گرینگ و زیندووه، كه حكومه‌ت له‌سه‌ر رێچكه‌یه‌كى دروست داده‌نىَ بۆ بوونى حكومه‌تێكى باشتر و به‌رپرسیارتر.
ئێمه ئه‌مرِۆ شتیك ده‌كه‌ین كه‌م حكومه‌ت له‌سه‌ر ئاستى جیهان هه‌وڵى داوه بیكات. ئێمه به كار‌و كرده‌وه‌كانى خۆماندا چووینه‌وه. ئاره‌زوو مه‌ندانه به‌رنامه‌یه‌كى شاره‌زایانه‌مان ئاماده كردووه بۆ چاكسازى و باشتر كردنى هه‌ڵوێستى حكومه‌ت. ئێمه ده‌مانه‌وىَ پێشه‌نگ بین له‌و بواره، ئومێده‌وارین پاش چه‌ند ساڵێكى تر حكومه‌تى تر پلانه‌كه‌ى ئێمه بگرنه‌خۆ له‌م بواره.
ستراتیژیه‌تى ئێمه له‌سه‌ر په‌یرِه‌وه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بونیات نراوه. ئێمه رێكه‌وتننامه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانى تایبه‌ت به به‌گژداچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیمان (UNCAC) به‌كارهێناوه وه‌كو بنه‌مایه‌ك بۆ كاره‌كانمان.
ئه‌م هه‌نگاوانه ده‌توانن به‌ره‌وپێشمان ببه‌ن، من داوا له هه‌ریه‌كێك له ئێوه‌ى به‌رِێز ده‌كه‌م یان ئه‌وانه‌ى له‌رێگه‌ى میدیاكانه‌وه سه‌یرمان ده‌كه‌ن، ئه‌م ده‌ست پێشخه‌رییه به ئه‌ركى خودى خۆتان بزانن و زۆر به بایه‌خه‌وه سه‌یرى بكه‌ن. ئه‌مه هێرشێك نیه له دژى كه‌س، به‌ڵكو رووبه‌رِووبوونه‌وه‌یه‌كه بۆ هه‌موومان تاكو شێوازى كاركردنمان وه‌ك حكومه‌ت و وه‌ك كۆمه‌ڵگا باشتربكه‌ین. ده‌بىَ هه‌موو لایه‌ك، حكومه‌ت و سه‌ركرادایه‌تى و كۆمه‌ڵگا و تاكه‌كه‌س به‌شداربن له‌و ده‌ستپێشخه‌رییه نیشتیمانیه گرینگه كه ئه‌ركى نه‌ته‌وه‌یى هه‌موو لایه‌كمانه.
له كۆتاییدا ده‌مه‌وىَ سوپاسى هه‌موو لایه‌كتان بكه‌م بۆ ئاماده‌بوونتان، لێره‌وه‌ش سوپاسى حكومه‌تى هه‌رێم ئاراسته‌ى تیمى كۆمپانیاى پرایس ۆته‌ر هاوس كووپه‌رسى ئه‌مه‌ریكى ده‌كه‌م، كه زۆر یارمه‌تیان داین له‌م پرۆسه‌یه‌دا و ئه‌زموون و تێگه‌یشتنیان له‌م بواره به ئێمه ئاشنا كرد، كه ئه‌وان سالاَنێكى دوور و درێژه كارى تێدا ده‌كه‌ن. ئه‌وان پابه‌ندن به‌وه‌ى له‌گه‌ڵمان بمێننه‌وه به‌مه‌به‌ستى جێبه‌جىَ كردنى ئه‌م ستراتیژیه‌ته، ئێمه‌ش خۆشحاڵین له‌گه‌ڵیان كاربكه‌ین.
هه‌روه‌ها سوپاسى یه‌كه یه‌كه‌ى تیمى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌م كه ماوه‌یه‌كى زۆره خه‌ریكن له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه كار ده‌كه‌ن و له نزیكه‌وه هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ تیمى شاره‌زایانى بیانى ده‌كه‌ن. ده‌ست خۆشیتان لىَ ده‌كه‌م و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.
دووباره سوپاس بۆ ئاماده‌بوونتان و هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن به‌سه‌رچاو.