sorannajm@yahoo.com
پێشتر ده‌وڵه‌تی تو‌رکیا به توندوتیژی یه‌کێتی نیشتیمانی وڵاته‌که‌ی ده‌پاراست، به‌ڵام ئێستا هه‌وڵه‌کان به‌و ئاڕاسته‌یه نین، به‌ڵکو به‌و ئاڕاسته‌یه‌ی که یه‌کێتی نیشتیمانی وڵات به‌و شێوه‌یه ده‌پارێزرێت، که له با‌ره باشه‌که‌دا بێت، واته هێـمنی و ئاسایش و ئاشتی و ته‌بایی نێو پێکهاته‌کان.
تاکو ئێستا له تورکیا‌دا چه‌ندین جار بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی شۆڕش و راپه‌ر‌ینی له دژی ده‌سه‌ڵاتداره یه‌ک به دوای یه‌که‌کانی وڵات ئه‌نجام دا‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش تاکه رێگه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تیان بۆ کێشه‌کان دۆزیوه‌ته‌وه، که ئه‌ویش پێکه‌وه ژیانی ئاشتییانه‌یه، نه‌ک ژیان به رق و کینه‌وه، له‌م روانه‌گه‌یه‌شه‌وه، حکومه‌ته‌که‌ی پارتی داد وگه‌شه‌پێدان به سه‌رۆکایه‌تی، سه‌رۆک وه‌زیران ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رێگه‌ی یه‌که‌م واته پێکه‌وه ژیانی ئاشتییانه‌ی هه‌ڵبژاردووه، به‌وه‌ی ناکۆکییه‌کان به لاوه بنرێن، که پێشتر له ئاراد بوون. بۆیه ئه‌ردۆغان به سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ته‌که‌ی، گرێ کوێره‌کان به‌م هه‌نگاوانه‌ی لای خواره‌وه ده‌کاته‌وه:
یه‌که‌م/ دان پیانان به زمانی کوردی‌دا و رێگه‌دانی خوێندن له په‌یمانگا و زانکۆکان‌دا به زمانی کوردی و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێب و گۆڤار و رۆژنامه‌کان به زمانی کوردی، هه‌روه‌ها رێگه‌دان به دامه‌زراندنی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی کوردی له باکووری کوردستان‌دا. ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، رێ به په‌خشکردنی ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت به زمانی کوردی درا.
دووه‌م/ ئازادکردنی به‌ندکراوانی کورد، له‌مه‌شدا ئه‌و کرێکار و قوتابییانه ئازاد ده‌کرێن، که به تۆمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزه‌کانی پۆلیس و ئاسایش و سوپا له خۆپیشاندانه‌کان‌دا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکی ده‌ستگیر کراون، به‌ناوبانگترین به‌ندکراویش سه‌رۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانه، که له به‌ندیخانه‌ی تاک‌که‌سیدایه له دوورگه ئیمرالی نزیک به شاری ئه‌سته‌نبول و ئێستاش ئه‌گه‌ری ئازادکردنی له ئارادیه.
سێیه‌م/ رێدان به شار‌و شارۆچکه‌کانی باکووری کوردستان، ناوه بنه‌ره‌تییه‌کانی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه، که له چوارچێوه‌ی به تورک کردنی کوردستان‌دا، ناوه‌کانیان گۆڕاون.
چواره‌م/ تو‌رکیا هه‌نگاوی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کوردی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌که‌ی خۆی گواستۆته‌وه، به‌وه‌ی پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی دیمو‌کراسی به رووی کورددا، بۆ حکومه‌ته‌کانی به‌غدا و تاران و دیمه‌شق به گشتی و به تایبه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له هه‌ولێر روون کردۆته‌وه. بۆ نموونه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تو‌رکیا ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلۆ سه‌ردانی هه‌رێـمی کرد، به فه‌رمیش بڕیاری کردنه‌وه‌ی کونسوڵخانه‌ی تورکیای له هه‌ولێری پایته‌خت راگه‌یاند.
له ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی رابردوودا، کێشمه‌کێشی کورد- ده‌وڵه‌تی تورکی بووه هۆی گیان له ده‌ستدانی 40 هه‌زار که‌س، هه‌روه‌ها نزیکه‌ی 12 هه‌زار که‌س له کۆی ده‌یان ملیۆن کوردیش چه‌کیان له دژی حکومه‌تی ئه‌نقه‌ڕه هه‌ڵگرت. له‌و ماوه‌یه‌دا، ده‌ستگیرکردنی کوردان ده‌ستی پێ‌کرد، به شێوه‌یه‌ک قسه‌کردن به زمانی کوردی له شه‌قامه‌کان‌دا، به‌س بوو تا ببێته بیانوویه‌ک بۆ گرتنی که‌سێک، هاوکات سوپای تو‌رکیا شه‌ڕێکی سه‌ختی له‌گه‌ڵ گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌دا ده‌ست پێ‌کرد، ته‌نانه‌ت ئه‌و کاره به‌س بوو تا ببێته بیانوویه‌ک بۆ هاتنه نێو خاکی هه‌رێمـی کوردستانه‌و‌ه. به‌ڵام له‌ناکاو هه‌موو شتێک گۆڕا، په‌ڕه‌ی شه‌ڕ و توندوتیژی داخرا و په‌ڕه‌یه‌کی نوێ به رووی کورددا کرایه‌وه، که ناسراوه به پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی دیمو‌کراسی به رووی کورددا.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه، عه‌له‌وییه‌کانی تو‌رکیا به چه‌شنی دۆسییه‌ی کورد، په‌ڕه‌یه‌کی تایبه‌ت به خۆیان کرده‌وه، یاخود حکومه‌تی تورکیایان ناچار کردو‌وه، که ئه‌و په‌ره‌یه بکاته‌وه. له‌مباره‌یه‌وه، ئه‌نجومه‌نی عه‌له‌وییه‌کان داوای گۆڕینی ناوی ناوچه‌که‌ی خۆیان له باشووری تورکیا‌دا کردو‌وه، ئه‌ویش له "سو‌ڵتان سه‌لیمی یه‌که‌م"ه‌وه بۆ "بیر سو‌ڵتان". سو‌ڵتان سه‌لیمی یه‌که‌م ئه‌و که‌سه‌یه، که هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازی بۆ سه‌رکوتکردنی عه‌له‌وییه‌کان ئه‌نجامداوه، که به‌پێی زانیارییه‌کانی عه‌له‌وییه‌کان خۆیان، له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا به ده‌یان هه‌زار عه‌له‌و‌ی گیانیان له ده‌ستداوه، بۆیه هه‌بوونی ناوی سو‌ڵتان سه‌لیم له‌سه‌ر ناوچه‌که‌یان به جۆره دژایه‌تییه‌ک ده‌زانن، که ئه‌وان ره‌تی ده‌که‌نه‌وه، یاخود ده‌یانه‌وێت وه‌ک کورد خۆیان له په‌ڕه‌یه‌کی نوێ‌دا ببینه‌وه. بیر سوڵتانیش، ئه‌وا سه‌رکرده‌ی میللی عه‌له‌وییه‌کانی تورکیایه و هه‌ر ئه‌ویش راپه‌رینه‌کانی عه‌له‌وییه‌کانی له دژی کشان و له‌شکه‌رکێشی سو‌ڵتان سه‌لیمی یه‌که‌م رێکخستووه.
په‌ڕه‌یه‌کی دیکه‌ی سپی، ناونیشانی ئه‌رمه‌نه‌کانی له‌سه‌ره، پێشتریش ناوه‌که له په‌ڕه‌یه‌کی سووردا بووه، له‌م پێناوه‌شدا، حکومه‌تی ئه‌نقه‌ڕه رێککه‌وتننامه‌یه‌کی مێژوویی له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نستان‌دا ده‌رباره‌ی قوربانییانی ئه‌رمه‌ن مۆر کرد، که له سه‌رده‌می عوسمانییه‌کان و له جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م‌دا رووی دا‌وه، هه‌نگاوی یه‌که‌می ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ش، کردنه‌وه‌ی سنووری نێوان هه‌ردوو وڵاتی تو‌رکیا و ئه‌رمه‌نستانه.
به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی پڕۆسه‌کان‌دا، عه‌لمانییه‌کانی تو‌رکیا مۆڵگه‌یان خواردووه و له به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن‌دا خۆیان ده‌بیننه‌وه و خۆیان به میراتگری ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی که‌مال ئه‌تاتورک ده‌زانن و له هه‌نگاو‌ه‌کانی حکومه‌تی وڵاته‌که‌یان ده‌ڕوانن، به‌ڵام ته‌ماشایه‌کی نه‌یارانه، نه‌ک خوازیار بۆ پڕۆسه‌کان. عه‌لمانییه‌کان له تو‌رکیا، له‌لایه‌ن پارتی کۆماری گه‌ل به سه‌رۆکایه‌تی ده‌نیز بایکاڵ نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرێن، به پێی زانیارییه‌کانی میدیا تورکییه‌کان ئه‌وان وتویانه، گه‌ر کورده‌کان مافی ئۆتۆنۆمییان پێ بدرێت، ئایا له چه‌شنی ئه‌وه‌ی عێراق‌دا، داوای کوردستانی تو‌رکیا ناکه‌ن؟، سه‌باره‌ت به عه‌له‌و‌ییه‌کانیش ده‌ڵێن، چی بکه‌ین؟ گه‌ر عه‌له‌وییه‌کان وه‌ک کوردان داخواز بوون. به‌هه‌مان شێوه، عه‌لمانییه‌کان دژایه‌تی پێدانی ماف به مه‌سیحییه‌کان به سه‌رۆکایه‌تی باتریاکی ئه‌رسدۆکسی "بارسالۆمیۆس" ده‌که‌ن، که له شاری ئه‌سته‌نبولدا نیشته‌جێیه، به‌و بیانوو‌ه‌ی ئه‌وان په‌یوه‌ندییان به ئه‌ورپاوه هه‌یه و نیشتمان په‌روه‌ر نین و جێی گومانن، هه‌روه‌ها به بڕوای ئه‌وان مه‌سیحییه‌کان یه‌کێکن له هۆکاره‌کانی وه‌رنه‌گرتنی تو‌رکیا به ئه‌ندامێتی له یه‌کێتی ئه‌وروپا‌دا.
سه‌باره‌ت به ئه‌رمه‌نه‌کانیش، ئه‌وا به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی نه‌ته‌وه په‌ره‌ست، پڕۆسه‌که به ده‌ستکردی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکای ده‌زانن. جێی ئاماژه‌یه، نه‌ک ئه‌مه‌ریکا به‌ڵکو زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان کوشتنی ئه‌رمه‌نه‌کان چ به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی یاخود نا فه‌رمی، به کۆمه‌ڵکوژی ده‌زانن، له‌وانیش ده‌وڵه‌تی فه‌ڕه‌نسایه. به‌ڵام له‌مه‌دا، به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی تو‌رکیا به ته‌نیا نین، به‌ڵکو به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی ئه‌رمه‌نه‌کان له ده‌ره‌وه و له ناوه‌وه‌ی ئه‌رمه‌نستان‌دا، دژایه‌تی رێککه‌وتننامه‌ی تورکی – ئه‌رمه‌نی ده‌که‌ن.
جێی ئاماژه‌یه، به‌ره‌ی ئۆپۆسزیۆنی تو‌رکیا پشت به سوپای تو‌رکیا ده‌به‌ستن، به‌وه‌ی سوپا گوێ‌رایه‌ڵی ئامۆژگارییه‌کانی ئه‌تاتورکه، به‌وه‌ش سوپا له نێوان دوو به‌رداشدایه.
باسێكی دیکه‌ی به‌رفراوانی ناو تو‌رکیا، که پرسێكی هه‌ستیاری ناوخۆیی وڵاته، دادگایی‌کردنی کۆمه‌ڵه فه‌رمانده و ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازی تورکییه به تۆمه‌تی هه‌وڵدان بۆ کوده‌تا به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌دا. جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه، له ماوه‌ی ساڵانی شه‌ست و حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا، چه‌ندین کوده‌تای سه‌ربازی له ناو تورکیا‌دا، دژ به ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و سه‌رده‌مه روویانداوه. له‌م پرسه‌شدا، نیشانه‌کان رۆشناییان خستۆته سه‌ر ده‌ستگیرکردنی 300 ئه‌ندامی سه‌ربازی له ساڵی 2007ی رابردوودا و له هه‌گبه‌یان‌دا، چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و بۆمب و به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌ت به پیلانه‌کانیان پێ گیراوه. تاکو ئێستاش، 194یان سزایان بۆ ده‌رچووه، به‌ڵام هێشتا 43ی دیکه‌یان ده‌ست به‌سه‌رن و له ژێر لێکۆڵێنه‌وه‌دان.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه زۆر گرنگه له‌و دۆسێ گرنگانه‌ی نێو تو‌رکیا، کێشه‌ی نزیکه‌ی نیوه‌ی هاووڵاتییانی تو‌رکیا واته (کێشه سه‌ره‌کییه‌که) یان (کێشه‌ی کورد) یان (پرسی کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌که به‌ره‌و قۆناغیکی پێشکه‌وتووتری وڵات)، که ناوی لێنراوه (پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی دیمو‌کراسی به رووی کورددا)یه. پڕۆسه‌ی کرانه‌وه به رووی کورددا، له مانگی ئابی ئه‌مساڵ‌دا، له‌لایه‌ن حکومه‌تی ئه‌نقه‌ڕه ده‌ستی پێ‌کرد، دواتر به شێوه‌یه‌کی فراوان که‌وته نێو رووپه‌ڕی رۆژنامه و بڵندگۆی رادیۆ و سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کان، چ له ناوه‌وه یاخود ده‌ره‌وه‌ی تو‌رکیا، به‌م شێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه:
به‌رپرسانی حکومه‌تی تو‌رکیا رایانگه‌یاندووه، که هیچ گه‌ڕانه‌وه و پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌کیان له بڕیاری رێڕه‌وی کرانه‌وه‌ی دیموکراسی‌دا نییه، واته حه‌تمه‌ن کرانه‌وه‌ی دیمو‌کراسی له ناوچه‌ی باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ، واته "باکووری کوردستان"دا، دێته کایه‌وه. به‌ڵام حکومه‌ت له پێناو گه‌یشتن به‌و چاره‌سه‌ره پێویستی به ده‌ستوورێكی مه‌ده‌نی هه‌یه، چونکه ئێستا ده‌ستووری وڵات به دڵی سوپایه، واته هه‌موو رێیه‌کی له‌به‌رده‌م سوپا‌دا کردۆته‌وه، تاکو کاری خۆی بکات.
ئه‌مه‌ش به بڕوای وه‌زیری ناوخۆی تو‌رکیا به‌شیر ئه‌تالای، له‌م کاته‌ی ئێستادا، په‌رله‌مان ناتوانێت ده‌ستوورێكی نوێ دروست بکات، به‌ڵکو ئه‌و کاره له پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2011ی داهاتوودا، دێته دی. ئه‌مه رای سه‌رۆک وه‌زیرانی تو‌رکیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانیشه، که ده‌ڵێ تاکو ئێستا هه‌وڵی راسته‌قینه بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد نه‌دراوه و به بێ گۆڕانکاری له ده‌ستووری ئه‌م وڵاته‌دا، ئه‌مه جێ‌به‌جێ نابێت. به‌پێی زانیارییه‌کانیش پڕۆژه‌ی کرانه‌وه به خشته‌یه‌کی کاتییه‌وه نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه، به‌ڵام چه‌ند زووتر ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وا له پێش هه‌موو لا‌یه‌ک‌دا، حکومه‌تی ئه‌نقه‌ڕه قازانج ده‌کات، چونکه یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد داهاتوویه‌کی گه‌شه‌سه‌ندوو بۆ تو‌رکیا مسۆگه‌ر ده‌کات. له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت به پرۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی دیمو‌کراسی به رووی کورددا، ئه‌ردۆغان، رایگه‌یاندووه؛"ئێمه له ده‌رده‌سه‌ری و کاره‌ساته‌کانی رابردوو ده‌رچووین و سه‌ر له‌نوێ مێژوو دروست ده‌که‌ینه‌وه". هه‌روه‌ها به‌پێی دوایین راپۆرتی په‌یمانگای واشنتۆن بۆ توێژینه‌وه له سیاسه‌تی رۆژهه‌لاَتی ناوه‌ڕاست، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌رودۆگان له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ واشنتۆن‌دا، له‌به‌رامبه‌ر په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی نزیك بوونه‌وه و كرانه‌وه به‌ڕووی کورددا، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا باراك ئۆباما خه‌ڵات و ستایش بكرێت.
هه‌ڵبه‌ت له‌م سه‌رووبه‌نده‌دا، حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆغان پێویستی به هاوکاری هه‌رێمی کوردستانه، له‌مه‌شدا به‌رپرسانی حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆغان تا راده‌یه‌ک تیشکیان بۆ هاوێشتووه، هه‌ر بۆیه، ئێستا ئه‌ردۆغان پێداگری له باره‌ی كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی توركیا له هه‌ولێر ده‌کات. له‌مباره‌شه‌و‌ه، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی پێشووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ی حكومه‌تی توركیا كردووه و خۆشحاڵی له باره‌ی پێشكه‌وتنی هه‌رچی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ئه‌نقه‌ڕه‌ی ده‌ربڕیووه. سه‌یر بکه‌ن، رای ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌یه، که نه‌ک هه‌ر پرسی کورد که سێ قۆناغی ماوه كورت و مامناوه‌ند و ماوه درێژ ده‌گرێته‌وه، به‌ڵكو پرسی نزیكه‌ی 30 پێكهاته و كه‌مینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی دیكه‌ی وڵاته‌که‌ی ده‌کاته‌وه. به‌وه‌ی مافه دیموكراتییه‌كان له قۆناغی یه‌كه‌مدا به گشتاندنی رێنماییه‌كان فراوان ده‌كه‌ن و له مه‌ودای مامناوه‌ندیشدا به ده‌ركردنی یاسا و هه‌مواركردنییان و له قۆناغی ماوه درێژی داهاتووشدا، به هه‌مواركردن و گۆڕینی ده‌ستوور فراوانده‌كرێن و پێشده‌خرێن.
پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی به رووی کورددا، له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانیشدا، له ئاستی به‌رز و سیاسی‌دا پشتیوانی لێ ده‌کرێت، ئه‌وه‌ش له میانه‌ی پێشوازی به‌رپرسانی هه‌رێم به تایبه‌تی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تو‌رکیا ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلۆ‌دا، به وردی ده‌رکه‌وت. تێدا سه‌رۆکی هه‌رێم له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا پشتیوانی خۆی بۆ سیاسه‌تی کرانه‌وه‌ی حکومه‌تی تو‌رکیا ده‌ربڕی. ئه‌مه هه‌ڵوێستی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆک کۆماریشه له ئاستی عێراقی فیدراڵ‌دا، که ده‌ڵێ له باره‌ی مافه‌کانی کورد له تو‌رکیا هه‌ست به که‌شێکی نوێ ده‌که‌ین.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه، پڕۆسه‌که‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانی تو‌رکیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له ساڵی 2005ی رابردوودا، له شاری ئامه‌د خراوه‌ته روو. له‌پاش ساڵی 2005ه‌وه تاکو ئێستاش، به تۆمه‌تی پاڵپشتیکردن له (په‌که‌که)، به سه‌دان گه‌نجی کورد له تو‌رکیا خراونه‌ته به‌ندیخانه‌وه. به‌پێی پرۆژه‌که‌ش، له‌مه‌ودوا ئه‌و گه‌نجانه‌ی که پاڵپشتی له (په‌که‌که)، ده‌که‌ن، له بری ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی دادگای تیرۆر بکرێن، ده‌بێت له‌به‌رده‌م دادگایه‌کی ئاسایی‌دا ئاماده بکرێن، هاوکات ئه‌و که‌سانه به سزادانی دارایی له بری به‌ندکردن، سزاکه‌یان له‌سه‌ر نامێنێت.
ئه‌مانه‌ی لای خواره‌وه‌ش، ته‌وره گرنگه‌کانی نێو باسی پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌یه، که جێ بایه‌خی باباته‌که‌مانه:
ناوه‌ڕۆکی پڕۆژه‌که
ئه‌وه‌ی جێی تێڕامانه له‌م پڕۆژه‌یه‌دا، ناوه‌ڕۆکی پڕۆژه‌که‌یه که له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له حكومه‌تی توركیا و سوپای توركیا و ده‌زگای میت و رێكخراوه‌كانی توركیا، به هاوبه‌شی گه‌ڵاڵه‌یان کردو‌وه. پڕۆژه‌كه چه‌ندین خاڵی له خۆگرتووه، كه لێره‌دا ئاماژه به پوخته‌ی گرنگترین خاڵه‌كانیان ده‌كه‌ین که له رێی میدیاکانه‌وه به ده‌ست گه‌یشتوون (- سنووری ئێستای ده‌وڵه‌تی توركیا پارێزگاری لێبكرێت و به هیچ شێوه‌یه‌ك سازش له‌سه‌ر یه‌كێتی سنووری توركیا نه‌كرێت. - به‌نده‌كانی یه‌ك و دوو و سێی ده‌ستووری توركیا به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌موار نه‌كرێن. - رێگه به به‌كارهێنانی ناوه كوردییه‌كان بدرێت. - ماده‌ی 216ی یاسای سزادانی توركیا هه‌موار بكرێت و ئازادی زیاتری بیروباوه‌ڕ به هاووڵاتییان بدرێت. - هه‌ندێك گۆڕانكاری ساده له بنه‌ماكانی ده‌ستووری دوای كوده‌تای 1980 بكرێت.- هه‌ندێك مافی نوێ بۆ هاووڵاتییان ده‌سته‌به‌ر بكرێت. - هه‌ر كه‌سێكی كورد ئه‌گه‌ر دژی تورك شه‌ڕی چه‌كداری نه‌كردبێت وه‌ك هاووڵاتی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ‌دا بكرێت.- ئاواره‌كانی كه‌مپی مه‌خمور بگه‌ڕێندرێنه‌وه و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌تی عێراق بكرێت بۆ ئه‌و پرسه. - زیندانی شاری ئامه‌د كه بووه‌ته جێگه‌ی پێشێڵکردنی مافه‌كانی مرۆڤ دابخرێت. - ده‌سه‌ڵاتی شاره‌وانییه‌كان زیاتر بكرێت. - ره‌وشی ژیانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای رێوشوێنه‌كانی مافی مرۆڤی ئه‌وروپا باشتر بكرێت. - رێگه بدرێت زیندانییانی كورد له زیندانه‌كاندا به زمانی كوردی بدوێن.- بڕیاری لێبوردنی گشتی ده‌رنه‌كرێت.- زمانی كوردیش بخرێته پاڵ زمانه‌كانی ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی و هاووڵاتییان بتوانن فێری ببن و بیخوێنن له په‌یمانگه تایبه‌تییه‌كاندا. - له رووی ئاینییه‌وه قورئانی پیرۆز به زمانی كوردی ته‌فسیر بكرێت و رێگه بدرێت وه‌ربگێڕدرێته سه‌ر زمانی كوردی.- ئه‌و زانا ئاینییانه‌ی ره‌وانه‌ی ناوچه كوردییه‌كان ده‌كرێن پێویسته زمانی كوردی بزانن.- له رووی ئابوورییه‌وه هه‌لی كار له ناوچه كوردییه‌كان بڕه‌خسێندرێت و پڕۆژه‌ی ستراتیژی گاپ تا كۆتایی ساڵی 2012 ته‌واو بكرێت. - ئه‌و سوێنده‌ی رۆژانه منداڵانی تورك و ناتورك له قوتابخانه‌كاندا ده‌یڵێنه‌وه، له ناوچه كوردییه‌كاندا نه‌هێڵدرێت و چیتر قوتابیانی كورد سوێند نه‌خۆن كه ئه‌وان وه‌ك دیاری به‌رده‌ستی كه‌مال ئه‌تاتوركن و بۆ ئه‌وه ده‌ژین خزمه‌تی كه‌مالییه‌ت و توركیای كه‌مالی بكه‌ن.- به‌رنامه و پڕۆگرامه‌كانی خوێندن گۆڕانكارییان تێدا بكرێت و ئه‌و بڕگانه لاببرێن كه باس له‌وه ده‌كه‌ن توركیا ته‌نها وڵاتی توركانه.- رێگه بدرێت حزب و رێكخراوه سیاسییه‌كان به ئازادانه پڕوپاگه‌نده‌ی سیاسی خۆیان بكه‌ن و كار‌و چالاكییان هه‌بێت.- یاسای كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن هه‌موار بكرێت و رێگه بدرێت به زمانی دیکه‌ی جگه له توركی په‌خشی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن هه‌بێت).
زمانی کوردی
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی بن ده‌ستی وه‌زیری ناوخۆی تو‌رکیا به‌شیر ئاتالای، هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی تاکو ئێستا بۆ زمانی کوردی دانرابوو، هه‌ڵده‌گیرێت و لێژنه‌یه‌کیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێک دێت، به‌شێوه‌یه‌ک له‌مه‌ودوا ده‌بێت کورده‌کان مافیان هه‌بێت ناوی کوردی له منداڵه‌کانیان بنێن و سیاسه‌تمه‌درانی کوردیش ده‌بێت به زمانی خۆیان له ره‌کابه‌رییه‌کانی هه‌ڵبژاردن‌دا به‌شدار بن. بۆیه هه‌ر له‌گه‌ڵ تاوتوێکردنی پڕۆژه‌ی کرانه‌وه‌ی دیمو‌کراسی به رووی کورد له ئه‌نجومه‌نی گه‌ل (په‌رله‌مان)ی تورکیا‌دا، ده‌سته‌ی باڵای رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کانی تو‌رکیا بڕیاری دا، به‌بێ دانانی هیچ خشته‌یه‌کی کاتی، رێ به په‌خشکردنی به‌رنامه‌کان به هه‌موو دیالێکت و زمانه جیاجیاکان به تایبه‌تی زمانی کوردی له وڵات‌دا، بدرێت. له رێی ئه‌م بڕیاره‌شه‌وه، هه‌موو رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه تایبه‌تییه‌کانی تو‌رکیا له چۆنێتی په‌خشکردنی به‌رنامه‌کانیان‌دا ئازاد ده‌بن.
به‌پێی بڕیاره‌که‌ش، دوای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کان به کارنامه‌کانی خۆیان‌دا ده‌چنه‌وه، بۆیان هه‌یه دیالێکت و زمانی به‌رنامه‌کانیان و ماوه‌کانیشیان دیاری بکه‌ن، دواتریش ده‌سته‌ی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کان له‌و گۆڕانکارییه ئاگادار ده‌که‌نه‌وه، تاکو ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر بدات.
پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتیک (DTP)
لایه‌نێكی سه‌ره‌کی له‌م هاوکێشه‌یه‌دا، پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتیک (DTP)یه، که پێویسته ئاوڕی جددی لێبدرێته‌وه له‌لایه‌ن حکومه‌تی ئه‌ردۆغان، چونکه ئێستا ئه‌و پار‌ته، نوێنه‌رایه‌تی کورد ده‌کات، له ناوه‌وه‌ی تورکیا‌دا. ئه‌و پار‌ته که پاڵپشتی له پڕۆسه‌ی کرانه‌وه ده‌کات، به‌ڵام چه‌ندین جار هۆشداری له باره‌ی ئه‌گه‌ری شکست هێنانی پرۆسه‌که دا‌وه، که‌چی تاکو ئێستا سه‌دان ئه‌ندامی له زینداندان. له‌سه‌ر زاری سه‌رۆکی ئه‌و پارته‌شه‌وه، راگه‌یه‌ندراوه، که کورد له تو‌رکیا داوای سه‌ربه‌خۆیی و فیدرالێت ناکات، هه‌روه‌ها، تا دیموکراسییه‌ت نه‌بێت، پێشوه‌چوونی ئابووریش نایه‌ته کایه‌وه".
پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (AKP)
پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا یه‌كه‌م پارتی سیاسی ئه‌و وڵاته‌یه، حوكمی گرتبێته ده‌ست و داوای چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی پرسی كوردی كردبێت، له‌و کاته‌وه که AKP ده‌سه‌ڵاتی له تورکیا‌دا گرتۆته ده‌ست، هه‌ندێک هه‌وڵ بۆ باشتر کردنی دۆخی کورد له‌و وڵاته‌دا دراوه، به‌ڵام یه‌کێک له به‌ربه‌سته سه‌ره‌کییه‌کان بۆ چاکسازی سیاسی و باشتر کردنی مافی کورده‌کان له تورکیا‌دا، ده‌ستووری ئه‌و وڵاته‌یه.
پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)
ئه‌و پار‌ته له ساڵانی هه‌شتاکانه‌وه، چه‌کی له دژی ده‌وڵه‌تی تورکی‌دا هه‌ڵگرتووه و تاکو ئێستاش به هه‌زاران گه‌ریلاوه، ئه‌م چیا و ئه‌و چیای کردو‌وه. جێی ئاماژه‌یه، چه‌ندین جار (PKK) له‌پاش شه‌ڕی قورسی له‌گه‌ڵ سوپای تورکیا‌دا، ماوه‌ی راگرتنی شه‌ڕی تاک لایه‌نه‌ی درێژکردۆته‌وه.
عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان
به‌پێی میدیاکانی تو‌رکیا، ده‌بووایه له 15 ئه‌م مانگه‌دا، سه‌رۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، که ئێستا له دورگه‌ی ئیمرالی تو‌رکیا به‌ندکراوه، نه‌خشه رێگه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری کیشه‌ی کورد رابگه‌یه‌نێت، که 10 پێشنیازی له خۆگرتبوو، به‌ڵام دواتر ئه‌و کاره نه‌کرا و هۆکاره‌که‌شی روون نه‌کرایه‌وه. سه‌باره‌ت به ئۆجه‌لان، سه‌رۆکی پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتیک (ده‌ته‌په) ئه‌حمه‌د تورک ده‌ڵێ:" پێویسته له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورددا، به بایه‌خه‌وه عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان وه‌ر‌بگیرێت".
گروپی ده‌ست پێشخه‌ری ئاشتی
گروپی ده‌ست پێشخه‌ری ئاشتی که له ژماره‌یه‌ک ئه‌ندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی په‌ناهه‌نده‌ی نێو چادرگه‌ی مه‌خمور پێکهاتبوون، وه‌ک وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی ئه‌رێنی بۆ پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی دیمو‌کراسی به رووی کورد دا، روویان له تو‌رکیا کرده‌وه. هاوکات كه‌ناڵێكی توركیا ئاهه‌نگێڕانی كوردانی هه‌رێمی كوردستانی په‌خش كرد، كه ئه‌و كاته‌ی ئه‌و گرووپه مه‌ده‌نییه‌ی كه‌مپی مه‌خموری بۆ خۆ راده‌ستكردنه‌وه به مه‌راسیمێكی ئاهه‌نگ گێڕان به رێكران، له‌وێ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی باکووری کوردستان پێشوازییان لێ‌کرا، به‌ڵام هاوکات له‌لایه‌ن پۆلیسی توركیا به مه‌به‌ستی لێپرسینه‌وه بۆ راپێچی سه‌ربازگه‌یه‌ك كران و له وێدا له‌لایه‌ن چوار داواكاری گشتی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌دا کرا و دواتریش ئازادکران، له پاشانیش له میانه‌ی ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ری ئاهه‌نگگێڕی شاری ئامه‌د دا، ده‌سته‌ی ئاشتیخواز رێزیان لێ گیرا، به‌ڵام پێشوازی به‌رفراوانی کورده‌کانی تو‌رکیا له گروپی ئاشتی هه‌ندێ له به‌رپرسانی تورکی توڕه کرد و هه‌ریه‌که و به شێوه‌یه‌ک ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕی. ئه‌و گرووپه‌ی له ده‌ست پێشخه‌ری ئاشتی خۆیان راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی توركیا كردۆته‌وه، له 8 ئه‌ندامی (PKK) و ئه‌وانه‌ی تریش كه‌سانی مه‌ده‌نی له ئافره‌ت و منداڵی كه‌مپی مه‌خمور پێكهاتوون. جێی ئاماژه‌یه ئه‌وانه‌ی له چوارچێوه‌ی گروپی ده‌ست پێشخه‌ری ئاشتی خۆیان راده‌ستی توركیا كردۆته‌وه له‌و كه‌سانه پێكهاتوون كه هیچ تۆمه‌تێكیان له‌سه‌ر تۆمار نه‌كراوه له به‌رامبه‌ر توركیا دا. له‌میانه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ تو‌رکیا، گروپی ناوبراو داخوازینامه‌ی په‌که‌که‌یان ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و گه‌لانی تو‌رکیا و رای گشتی جیهان کرد، ئه‌مانه‌ی لای خواره‌وه‌ش، خاڵه‌کانی ئه‌و داخوازیننامه‌یه‌ن، که له رێی میدیاکانه‌وه به ده‌ست گه‌یشتوون: (- نه‌خشه رێگه‌ی دانراوی سه‌رۆکی به‌ندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان سه‌باره‌ت به یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له‌به‌رچاو بگیرێت و بۆ رای گشتی رابگه‌یه‌نرێت. - پرۆسه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌کانی دژ به پارتی کرێکارانی کوردستان رابگیرێن، هه‌روه‌ها رێگه له‌به‌رده‌م یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی و ئیراده‌ی ئازادی کورده‌کان له رێگه‌ی گفتوگۆ و دانووستان بکرێته‌وه. - کورده‌کان وه‌ک به‌شێک له پێکهاته‌کانی گه‌لی تورکیای دیمو‌کراسی له ژێر سێبه‌ری ئازادی و یه‌کسانی‌دا بژین، هه‌روه‌ها مافه‌کانیان له ده‌ستوور و یاساکان‌دا، زامن بکرێن. - قسه‌کردن و خوێندن به زمانی کوردی به ئازادییه‌کی ته‌واو زامن‌بکرێت، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌ت له به‌رده‌م کورده‌کاندا بڕه‌خسێنرێت، تاکو به‌ها مێژوویی و جوگرافی و هونه‌رییه‌کانی خۆیان ده‌رببڕن و پێشی بخه‌ن و پارێزگاریشی لێ بکه‌ن. - ڕ‌ه‌خساندنی بوار له به‌رده‌م ناونانی ناوه کوردییه‌کان له منداڵانی له‌دایکبووی کورد دا و خوێندنیشیان به زمانی کوردی بێت. - مافی کاری سیاسی و پێکهێنانی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به کورده‌کان بدرێت، هه‌روه‌ها مافی ده‌ربڕینی بیرورای خۆیان به ئازادی هه‌بێت، هه‌روه‌ک ده‌ستوورێكی دیمو‌کراسی نوێ ده‌ربچێت. - مافی ژیان به کورده‌کان له گوند و شارۆچکه و شاره‌کانی "کوردستان"دا به ئارامی و دوور له فشار و توندوتیژی پیاوانی ئاسایش و پاسه‌وانی گونده‌کان بدرێت. - پێکه‌وه کار بکرێت و گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌دا ئه‌نجام بدرێت، که ژیانی دیمو‌کراسی و ئاشتییان، ده‌وێت).
که‌مپی مه‌خمور
ئه‌و که‌مپه له شارۆچکه‌ی مه‌خموردایه و بۆته جێی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی به هۆی رووداوه توندوتیژییه‌کانی ناو تورکیا‌وه هه‌ڵاتوون، به‌پێی حکومه‌تی ئه‌نقه‌ڕه‌ش 11 هه‌زار كه‌س له كه‌مپی مه‌خمور‌دا نیشته‌جێن، كه هه‌موویان، گوند و ماڵ و حاڵیان هه‌یه، ئه‌و شوێنه‌ی لێی رۆیشتوونه، دیاره، بنه‌ماڵه و خزم و که‌سیان هه‌یه، گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌وا له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بنه‌وه.
چینی رۆشنبیری
ئێستا پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی پرسی کورد له تو‌رکیا له‌لایه‌ن داموده‌زگاکانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و چینی رۆشنبیری ئه‌و وڵاته‌وه پاڵپشتی لێ ده‌کرێت، ئه‌وه‌ش له میانه‌ی به‌رنامه‌ی که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆن و نووسین و گوتاری نێو رۆژنامه‌کان‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که هه‌موویان پڕۆسه‌که به ئه‌رێنی و له رێی ئامرازه دیموکراسییه‌کانه‌وه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ئه‌و رۆشنبیرانه، دووپاتیان کردۆته‌وه، که هیچ سوودێک له رێگه چاره‌ی سه‌ربازی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که به ده‌ست نایه‌ت، که ره‌هه‌ندێکی رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی له خۆ گرتووه. هه‌روه‌ها ئه‌و بژارده رۆشنبیرییه‌ی تو‌رکیا، هانی پار‌ته به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی وڵاته‌که‌ی دا‌وه، که شان به شانی حکومه‌ت له جێ‌به‌جێکردنی پرسی کرانه‌وه‌ی کورددا، رۆڵی خۆیان بگێڕن و پرسی کرانه‌وه به‌رووی کورددا، له‌ناو نه‌ده‌ن. هه‌روه‌ها رۆشنبیران داوایان له پار‌ته به‌ر‌هه‌ڵستکاره‌کان کردو‌وه، که چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له رێگه‌ی ئاشتییانه و به ئه‌رکێکی نیشتمانی و دوور له هه‌ر ناکۆکییه‌کی حزبی و فکری دابنێن. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، یه‌که‌م جار حکومه‌تی تو‌رکیا ۆورک‌شۆپێکی تایبه‌تی له ژێر ناونیشانی ( چاره‌سه‌ری پرسی کورد: به‌ره‌و مۆدێلی تو‌رکیا) له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و رۆژنامه‌وانانی وڵاته‌که‌ی له ناو ده‌زگه‌یه‌کی ئاسایشی گرنگ له ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌خت ئه‌نجام‌دا، به‌وه‌ش کلیلی کرانه‌وه خرایه نێو ده‌رگای پرسه‌که که ده‌یان ساڵه ژه‌نگی هه‌ڵهێناوه.
رای جیاواز
سه‌باره‌ت به پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی حکومه‌تی تورکیاش به رووی پرسی کورددا، رای جیاواز له نێوان پارت و سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌و وڵاته‌دا هه‌یه و له‌و باره‌یه‌وه، پارتی کۆماری گه‌ل (جه‌هه‌په) باس له وه ده‌کات، که 20 ساڵ پێش ئێستا راپۆرتێکیان سه‌باره‌ت به پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی کورد ئاماده کردو‌وه، به‌ڵام راپۆرته‌که له‌لایه‌ن ده‌زگای ئاسایشی تورکیا‌وه، قه‌ده‌غه کراوه.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه، سه‌رۆکی پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تو‌رکیا (مه‌هه‌په) ده‌وڵه‌ت به‌خچه‌لی، ره‌خنه‌ی له حکومه‌تی ئه‌ردۆغان گرتووه و وتویه‌تی؛"هه‌ر رۆژ و له سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کان و له ژێر ناوی پڕۆسه‌ی به دیموکراتی‌بوون، خه‌ڵک گوێبیستی هه‌ندێ له که‌سان ده‌بن، ئه‌و که‌سانه ئیش و کاریان ئه‌وه‌یه، که ببنه هۆکاری دابه‌ش بوونی تو‌رکیا، ئه‌و که‌سانه‌ی که باس له کرانه‌وه به رووی پرسی کورددا ده‌که‌ن، باس له جیابوونه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ره‌گه‌زی ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوییه". جێی ئاماژه‌یه، پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئۆپۆزسیۆنی حکومه‌ته و له پرسی کرانه‌وه‌شدا، به توندی دژایه‌تی ئه‌ردۆغان ده‌کات، پێشتریش وتویه‌تی:"پڕۆژه‌که‌ی ئه‌ردۆغان سیاسه‌تێكی ناره‌وشتانه‌یه".
پێشتریش، سه‌رۆکی پارتی کۆماری گه‌ل (جه‌هه‌په) ده‌نیز بایکال به ئاشکرا ره‌تکردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی کرانه‌وه به رووی کوردی دا، راگه‌یاند، جێی ئاماژه‌یه، بایکاڵ نه‌یارێکی سه‌رسه‌ختی پڕۆسه‌که‌یه و خوازیاری شکستهێنانێتی.
پارتی "سه‌عاده‌ت"یش که پێشتر پارته‌که‌ی ره‌جب ته‌یب ئه‌ردۆغانی لێ‌جیابۆته‌وه، ده‌ڵێ، پرسی کرانه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد، ده‌ربڕینێکی هه‌ڵه‌یه، خۆ پرسی کورد پێشتر دا‌نه‌خراوه، تاکو ئێستا کرانه‌وه‌ی بۆ بکرێت، به‌ڵکو ئه‌م کێشه‌یه زۆر هۆکاری له پشته‌وه‌یه، له‌وانیش هه‌ژاری و تیرۆر و مافی مرۆڤ و به دیموکراسیبوونه.
فه‌رمانده‌ی گشتی پێشووی سوپا ژه‌نه‌راڵ ئیلکه‌ر باشبوغ، ئه‌گه‌ر چی پاڵپشتی له ئه‌ردۆغان و حکومته‌که‌ی ده‌کات، رایگه‌یاندووه:"هێزه چه‌کداره‌کانی تو‌رکیا رێزی بۆ که‌لتوره جیاجیاکان داناوه، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک رازی نابێت، که ئه‌م جیاوازییانه وه‌ک سیاسه‌تێک بکاربهێنرێن، هه‌روه‌ها ئه‌مه دژی ده‌ستووری کۆماری تورکیایه و هێزه سه‌ربازییه‌کانمان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک، به‌شداری له هیچ جۆره چالاکییه‌ک‌دا ناکه‌ن، که ببێته هۆی دروستبوونی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ رێکخراوه تیرۆیستییه‌کان‌دا". سوپاسالار روونیکردۆته‌وه، مادده‌ی سێیه‌می ده‌ستوور ئه‌وه‌یه، که ده‌وڵه‌تی تو‌رکیا به میلله‌ت و خاکییه‌وه یه‌ک پارچه‌یه و به هیچ شێوازێک دابه‌ش ناکرێت و زمانی فه‌رمیش تورکییه. جێی ئاماژه‌یه ئه‌م لێدوانه گورزێکی کوشنده بوو بۆ پڕۆسه‌که و هاندان و پاڵپشتییه‌کی گه‌وره‌ش بوو بۆ که‌مالیسته‌کانی ئه‌و وڵاته، که دژایه‌تی پڕۆسه‌ی ئاشته‌وایی ده‌که‌ن و ده‌یان ساڵیشه به ئاگروئاسن وه‌ڵامی کورده‌کانی باکووری کوردستانیان داوه‌ته‌وه، به‌ڵام دواجار سه‌رنه‌که‌وتن.
وه‌زیری رۆشنبیری تورکیاش ئه‌رتوغرول گوینای له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سوپاسالاری وڵاته‌که‌ی ئه‌یلکه‌ر باشبوغ و ئه‌وانه‌ی دژی پڕۆسه‌ی دیمو‌کراسی کرانه‌وه‌ن به رووی کورددا رایگه‌یاندووه:"سوپا له هه‌موو کاتێکدا به دروشمی (سوپای به‌هێز و تورکیایه‌کی به‌هێز) به‌خۆی‌دا هه‌ڵداوه، به‌ڵام پێویسته له بیری نه‌که‌ن، که سوپای سه‌دامیش به‌هێز بوو، به‌ڵام رووخا".
عه‌بدوڵا گول
ماوه‌یه‌ک به‌ر له ئێستاش، سه‌رۆک کۆماری تو‌رکیا عه‌بدوڵا گول رایگه‌یاندبوو، که سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد، شتی گرنگ روو ده‌دات، هه‌ڵبه‌ت گول هاوپارتی ئه‌ردۆغانه و راوبۆچوونه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا یه‌ک ده‌گرنه‌وه.
ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلۆ
جێی ئاماژه‌یه، ئه‌و که‌سه‌ی که کاریگه‌ری له‌سه‌ر داڕشتنی پڕۆسه‌که هه‌بووه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تو‌رکیا پرۆفیسۆر ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلۆیه، چونکه له‌وه‌ته‌ی پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی پێدراوه، زۆر به خێرایی گۆڕانکارییه‌کان له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی تو‌رکیا و نێوان وڵاته‌که‌ی و ناوچه‌که‌دا، روویاندا.
کاروکاردانه‌وه‌کانی ناو په‌رله‌مانی تو‌رکیا له سه‌ر پرۆسه‌ی کرانه‌وه به رووی کورددا
له میانه‌ی دانیشتنێكی په‌رله‌مان‌دا، وه‌زیری ناوخۆی تو‌رکیا به‌شــــیر ئه‌تـــــالای، وتارێکی خۆی له که‌شێکی پڕ کاردانه‌وه‌ی توندی هه‌ندێ له په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن‌دا پێشکه‌ش کرد و تێدا وتی؛"چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی هاووڵاتییان ئه‌رکێکی نیشتیمانییه و ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یخه‌ینه روو، هه‌ڕه‌شه له یه‌کێتی تو‌رکیا ناکات، به‌ڵکو ئاشتی دێنێته ئاراوه". جێی ئاماژه‌یه، له‌و کاته‌ی‌دا ئه‌تالای وتاره‌که‌ی خۆی پێشکه‌ش ده‌کرد، ژماره‌یه‌ک له په‌رله‌مانتاره ره‌گه‌زپه‌ره‌سته‌کان لافیته‌یان به‌رزکرده‌وه و تیایاندا نووسرابوو (ئه‌م رۆژه که ده‌ستنیشان کراوه بۆ خستنه‌رووی پلانه‌که‌تان، هاوکاته له‌گه‌ڵ یادی مردنی که‌مال ئه‌تاتورک‌دا). هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌ندامانه ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، که ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆغان ئه‌نجامی ده‌دات، (خۆراده‌ستکردنه به پارتی کرێکارانی کوردستان). په‌رله‌مانتارێكی سه‌ر به پارتی کاری نه‌ته‌وه‌یی وتی؛"پارتی داد و گه‌شه‌پێدان هه‌وڵی به‌دیهێنانی سیاسه‌تێك ده‌دات، که پارتی کرێکارانی کوردستان به چه‌کیش به دی‌نه‌هێناوه"، هاوکات یه‌کێکی دیکه‌ش پڕۆژه‌که‌ی به "ناپاکی و تێكدان" له‌قه‌ڵه‌م دا. به‌ڵام ئه‌تالای به وته‌کانی خۆی ره‌تیانی دایه‌وه و وتی؛"ئه‌م پڕۆژه‌یه بۆ به کۆتاهاتنی توندوتیژی و چه‌رمه‌سه‌رییه و گورزیش له یه‌کێتی نیشتیمانیمان نادات".
روونکردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی دیمو‌کراسی
پاش گفتوگۆ کردن له‌سه‌ر پرۆژه‌که، له په‌رله‌مانى تورکیا‌دا، ئه‌ندامانی کابینه‌که‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانى تو‌رکیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، بۆ به‌ئاگا کردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له ورده‌کارییه‌کانی ئه‌م پڕۆژه‌یه، كه‌وتنه هه‌ڵمه‌تی هوشیارکردنه‌وه‌ی هاووڵاتییان له باره‌ی پڕۆسه‌ی کرانه‌وه و له ناوچه كوردنشینه‌كان‌دا بڵاوبوونه‌وه.
یه‌کێتی ئه‌وروپا
یه‌کێتی ئه‌وروپا، که رێکخراوێکی گه‌وره‌یه و تو‌رکیا هیوای به‌ئه‌ندامبوونی بۆ ده‌خوازێت، داواکاره له تو‌رکیا، که پێش ئه‌وه‌ی ببێته ئه‌وروپایی راسته‌قینه، کێشه ناوخۆییه‌کانی له‌وانیش دۆسییه‌ی کورد، یه‌کلایی بکاته‌وه، ئیستاش بابه‌تی پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی دیمو‌کراسی به رووی کورددا، له نێو راپۆرتی په‌ره‌پێدان و پێشخستنی یه‌کێتی ئه‌وروپادایه.
ئه‌مه‌ریکا
پێشتر له میانه‌ی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی گه‌ل (په‌رله‌مان)ی تورکیا‌دا، به‌ره‌ی ئۆپزسیۆن، حکومه‌ت و پارته‌که‌ی ئه‌ردۆغانیان به‌وه تۆمه‌تبار کردبوو، که نه‌خشه‌ی پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی دیموکراسییان له ده‌ره‌وه هێناوه و به ئه‌جێندای ده‌ره‌کیش به تایبه‌تی "ئه‌مه‌ریکا" له وڵات‌دا، په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌مه له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکاوه ره‌تکرایه‌وه، ئه‌ویش له‌سه‌ر زاری یاریده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، فیل گۆردۆن، که له ئه‌سته‌نبولدا، رایگه‌یاندبوو؛"ئه‌مه پرسێكی ناوخۆیی تورکیایه و ئێمه ئه‌م پرۆسه‌یه به‌ڕێوه نابه‌ین و کاریگه‌ریشیمان له‌سه‌ردا نییه".
به‌ریتانیا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ده‌یڤد مێڵباند، له‌میانه‌ی وته‌یه‌کی خۆی‌دا، سه‌باره‌ت به پڕۆسه‌ی دیمو‌کراسی و کرانه‌وه به رووی کورد له تورکیا‌دا، وتویه‌تی:"ئه‌م پڕۆسه‌یه، په‌ره به تو‌رکیا ده‌دات و گه‌لی کوردیش به مافه سه‌ره‌کییه‌کانی خۆی له‌و وڵاته‌دا، ده‌گه‌یه‌نێت". هه‌ر له درێژه‌ی وته‌که‌ی‌دا، ده‌یڤد مێڵباند وتویه‌تی:"ئێستا (پرسی کرانه‌وه به رووی کورد) له تورکیا‌دا بابه‌تی سه‌ره‌کییه و ئێمه‌ش له‌و رووه‌وه هانی تو‌رکیا ده‌ده‌ین، که هه‌نگاوی باشتر بهاویژێت". هه‌روه‌ها وتویه‌تی:"گه‌یشتنی کورد به ماف و ئازادییه‌کانی خۆی له تو‌رکیا زۆر گرنگه، بۆیه پێویسته سنوور نه‌گۆڕدرێت، به‌ڵام دیمو‌کراسی پێش بکه‌وێت". راشیگه‌یاندووه:"له‌باره‌ی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورده‌وه بیروباوه‌ڕی جیاواز هه‌یه، به‌ڵام شتی گرنگ له‌و باره‌یه‌وه، ئه‌وه‌یه که شه‌ڕ راوه‌ستێت و به رێگه‌ی یاسایی مافه‌کان بدرێن". هه‌ر له درێژه‌ی وته‌که‌ی‌دا، مێڵباند، وتویه‌تی:"ئێمه ده‌زانین که کورد ماوه‌یه‌کی زۆره خه‌بات له پێناو به‌ده‌ست هێنانی مافه‌کانی خۆی‌دا ده‌کات، هه‌روه‌ها داخوازییه‌کانی کورد گونجاون و ئێمه‌ش داوا له تو‌رکیا ده‌که‌ین که به ئه‌رێنی وه‌ڵامی ئه‌و داخوازییانه بداته‌وه".
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه، له ماوه‌ی 80 ساڵی رابردووی ده‌سه‌ڵاتی كه‌مالییه‌كاندا ناوهێنانی ( كورد) و داننان به بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی جگه له تورك یاساغ‌كرابوو. به گوێره‌ی زانیاری وێكپیدیاش ژماره‌ی دانیشتوانی توركیا 79 ملیۆن كه‌س و له‌و ژماره‌یه‌ش رێژه‌ی 20 تا 30 له سه‌دیان له نه‌ته‌وه‌ی كورد پێكهاتوون.
له کۆتایی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌دا، ده‌ڵێین، قۆناغی یه‌که‌می پرۆسه‌که به وه‌رگرتنی رای هه‌موو لایه‌نه‌کان به کۆتا هات و ئێستاش، تۆپه‌که له قۆناغی دووه‌م و له نێو گۆڕه‌پانی ئه‌نجومه‌نی گه‌لی تورکیادایه. به‌ڵام له پاش کۆتایی‌دا، ده‌ڵێین (ئه‌و گۆڕانکارییه دپلۆماسییانه که له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا روویان دا، تو‌رکیا به‌ره‌و هه‌ڵدێر نابه‌ن، به‌ڵکو ئاسۆیان به‌ره‌و ئاینده‌یه‌کی گرنگ له‌به‌رده‌م ده‌وڵه‌تی تورکیا‌دا کرده‌وه، که ده‌کرێت ناوی لێ بنێین (تورکیای نوێ).
تێبینی/ بابه‌ته‌که خوێندنه‌وه‌یه‌که بۆ پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی دیمو‌کراسی له تو‌رکیا له رێی میدیا تورکی و جیهانییه‌کانه‌وه.