1-Aug-10 [10:4] کوردستانی - داوا ده‌كرێت پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشیانه‌ی پێكهاته‌كانی كوردستان و كه‌ركوك له‌ كۆنفرانسێكدا بخرێته‌ روو
Peyamner PNA - هێمن سابیر / هه‌ولێر - سه‌رۆك لقی كوردستانی كۆمه‌ڵه‌تی پاراستنی گه‌لانی هه‌ڕه‌شه‌ لێكراو له‌ شاری كه‌ركوك داواكاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی كۆنفرانسێكدا پێكه‌وه‌ ژیانی برایانه‌ و ئاشتیانه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كوردستان و كه‌ركوك به‌تایبه‌تی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و یه‌كێتی ئه‌وروپا بخه‌نه‌روو.

 ( عه‌بدوله‌تیف گلی) نوێنه‌ری مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم  له‌ پارێزگاری كه‌ركوك  و نوێنه‌ری رێكخراوی نێوده‌ڵه‌وتی (GfbV) (كۆمه‌ڵه‌ی پاراستنی گه‌لانی هه‌رِه‌شه‌لێكراو / لقی كوردستان) له‌ كه‌ركوك سه‌ردانی باره‌گای ئه‌م رێكخراوه‌یان كردو له‌ لایه‌ن ( دكتۆر مسعود سه‌ربه‌شاخی)  سه‌رۆكی لقی رێكخراو پێشوازیان لێكرا.

له‌و دیداره‌دا له‌ كورته‌ باسێكدا كار و چالاكییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ی خسته‌ روو كه‌ ئامانجی لابردن و كۆتایی هێنانه‌ به‌ زوڵم و زۆرداری له‌سه‌ر  ئایین و نه‌ته‌وه‌كان و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتی و ته‌بایی له‌ نێوانیاندا.

 دواتر باس له‌ چۆنیه‌تی  و هه‌ماهه‌نگی نێوان رێكخراوه‌كه‌ و پێكهاته‌كانی پارێزگای كه‌ركوك كرا , سه‌روكی لقی رێكخراوه‌كه‌ داوای له‌ نیوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی له‌ كه‌ركوك كرد كه‌ بتوانن پێكه‌وه‌ ژیانی برایانه‌ و ئاشتیانه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كوردستان و كه‌ركوك به‌تایبه‌تی  له‌ چوارچێوه‌ی كۆنفرانسێكدا بخه‌نه‌ روو بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و یه‌كێتی ئه‌وروپا.

له‌به‌رامبه‌ریش (عه‌بدوله‌تیف گلی) نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی له‌ كه‌ركوك ئاماده‌یی خۆی نیشان دا بۆ هه‌ر هاوكاریه‌ك كه‌ خزمه‌ت به‌ پێكهاته‌كانی كوردستان و كه‌ركوك بكات له‌ رێگای  رێخراوی (GfbV) ئه‌لمانی نێوده‌وله‌تی . 


 Copyright (2006) Peyamner.com