16-Nov-07 [14:4] کوردستانی - دادگای كۆماری توركیا داوای داخستن و راگرتنی چالاكییه‌كانی گه‌وره‌ترین پارتی كوردی ناو په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات
Peyamner PNA - دادگای كۆماری توركیا بۆ ئه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك (ده‌ته‌په‌) كه‌ گه‌وره‌ترین پارتی كوردی به‌شداربووی په‌رله‌مانی توركیایه‌ دابخات و مۆڵه‌تیشی لێوه‌ربگیرێته‌وه‌، داواكارییه‌كی پێشكه‌ش به‌ دادگای ده‌ستووری ده‌وڵه‌تی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌، به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ئه‌م پارته‌ هه‌ڕشه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی ده‌وڵه‌تی توركیا.
به‌پێی سه‌رچاوه‌ هه‌واڵییه‌كانی توركیا، سه‌رۆكی دادگای كۆماری توركیا (عه‌بدولڕه‌حمان یاڵچنكایه‌) ئه‌مڕۆ (هه‌ینی) یاداشتێكی بۆ دادگای ده‌ستووری ده‌وڵه‌تی توركیا به‌رزكردوه‌ته‌وه‌ و تیایدا پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك (ده‌ته‌په‌)ی به‌ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تی توركیا وه‌سفكردووه‌.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یداوه‌ كه‌ له‌ لێدوانی ئه‌ندامه‌كانی (ده‌ته‌په‌) ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌م پارته‌ دژ به‌ یه‌كێتی و سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تی توركیایه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیشه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی وڵات، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ چه‌ند رۆژێكی داهاتوودا بڕیاری دادگای ده‌ستووری توركیا له‌مه‌ڕ داخستن یاخود درێژه‌دان به‌ كاروچالاكییه‌كانی پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك ئاشكرا بكرێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌ته‌په‌ گه‌وره‌ترین پارتی كوردییه‌ له‌ باكووری كوردستان كه‌ به‌شداره‌ له‌ په‌رله‌مانی ده‌وڵه‌تی توركیا و 20 كورسیشی هه‌یه‌.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك له‌  10/11/2005 له‌ باكووری كوردستان دامه‌رزاوه‌، له‌ 22ی ته‌ممووزی ئه‌مساڵیش به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی توركیا دا كردووه‌ له‌ دوا ئه‌نجام توانی 20 كورسی به‌ ده‌ستبێنێت و مافی ده‌نگی له‌ په‌رله‌ماندا هه‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌م پارته‌ بنكه‌ و باره‌گای له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتی توركیادا هه‌یه‌ و و له‌ ده‌یه‌مین كۆنگره‌یدا له‌ 9/11/2007 (نوره‌دین ده‌میرتاش)ی په‌رله‌مانتاری به‌ سه‌رۆكی نوێی پارته‌كه‌ هه‌ڵبژارد.

 Copyright (2006) Peyamner.com